زیادكردنی مووچه‌ دۆخی بازاری سووریای شێواندووه‌

لیستێکی خەمڵێندراویان بۆ نرخی بەرهەمە خۆراکییەکانی ئامادەکردووە

K24 – هه‌ولێر:

دوای دەرچوونی بڕیارێكی سەرۆکایەتی سووریا بە زیادکردنی مووچەی فەرانبەران لە وڵاتەکە. ئەو بڕیارەش هاووڵاتی سووری دابەشکردووە بەشێکیان پێیانوایە بەرزکردنەوەی مووچە کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی دۆخی گوزەرانیان دەبێت، بەشەکەی دیکەش پێیانوایە ئەو بڕە پارەیە هێزەی کڕینی بە دراوی سووری کەمدەکاتەوە، بۆیە دەبێت تیشک بخرێتە سەر رێکخستنی نرخەکان و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان.

به‌گوێره‌ی میدیا جیهانییه‌كان لیستێکی خەمڵێندراویان بۆ نرخی بەرهەمە خۆراکییەکانی ئامادەکردووە کە رۆژانە لە بازاڕەکانی سووریا مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەویش لە گرانترینەوە بۆ هەرزانترین نرخ پلەبەند کراوە.

کیلۆیەک نەرمەی گۆشتی سووری نرخەکەی لە نێوان 7 بۆ 11 هەزار لیرە سوورییە کە بە گوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێت.

کیلۆیەک گۆشتی سووری بە 5 هەزار و 500 لیرەیە.

گۆشتی مریشکیش بەو شێوەیە، مریشکی تەواو 800 لیرە بۆ هەر کیلۆیەک، 2100 لیرە بۆ کیلۆیە سینگ، 1200 لیرەش بۆ کیلۆیەک ران.

هەروەها پەنیری سووری کیلۆیەکی بە هەزار 200 لیرەیە، لیترێک شیر نرخەکەی بە 250 لیره‌یه‌.

هەروەها کیلۆیەک برنج نرخەکەی لە نێوان 500 بۆ 700 لیرەیە، کیلۆیەک ساوه‌ری دەنک گەورە بە 500 لیرەیە و نرخەکەشی بە گوێرەی جۆرەکەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت. 

کیلۆیەک پەتاتەش بە 400 لیرە و تەماتەش بە 350 لیرەی سووریە.

هەروەها نانی حکوومی بە 50 لیرەیە کە دەکاتە 0.07 دۆلار، بەڵام لە فڕن و دوکانەکان بە 100 بۆ 350 لیرە دەفرۆشرێت.

لە لایەکی دیکەوە نرخی جلوبەرگ و پێڵاو بە گوێرەی کوالێتییەکان جیاوازە بۆ نموونە:

قاتێکی فەرمی نرخەکەی لە 20 هەزار لیرەی سووریەوە دەستپێدەکات.

چاکەتێکی زستانە لە 6 هەزار لیرەوە دەست پێدەکات بۆ 20 هەزار یاخود زیاتریش کە بە گوێرەی جۆر و کوالێتییەکەی گۆڕانکاری بەسەردادێت.

هاوکات قەمیسێک یاخود بلووزێک نرخەکەی لە نێوان سێ بۆ پێنج هەزار لیرەیە.

پانتۆڵێک نرخەکەی لە شەش هەزارەوە بۆ 15 هەزار لیرە دەست پێدەکات یان زیاتر لە هەندێک دۆخدا.

بەوەش بەو 20 هەزار لیرەیە خێزانێک دەتوانێت بۆ نموونە (چوار کیلۆ برنج، چوار کیلۆ ساوار، دوو مریشک و دوو کیلۆ گۆشتی مانگا و دوو کیلۆ گۆشتی مەڕ ) بکڕێت، بەڵام ئەگەر بۆ نموونە بتەوێت بەو 20 هەزارە ماددەیەکی خۆراکی بکڕیت ئەوا 400 نانت دەستدەکەوێت یاخود 10 مریشک یان 2 کیلۆ گۆشتی مانگا کە دەکاتە نزیکەی 4 کیلۆ گۆشتی مەڕ.