داقووق.. ژن و پیاوێكی کورد بە دەستڕێژی گووللـە کوژران
پێنج منداڵیان لهدوای خۆیان جێ هێشتووه
K24 - كهركووك:
هاووڵاتییهكی كورد به ناوی (لەتیف مەجید تەیار)، كه پێشمهرگهی هێزهكانی حهفتایه، لهگهڵ هاوژینەکەی بە ناوی (ئەمەل)، کە خەڵکی ئاوایی مەنسووری سەر بە قەزای داقووقن، کاتژمێر 9 ئەمشەو، لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، لە نزیك بازگەی هێزە عێراقیيەکان لە دووڕیانی حەفتەغار، دەستڕێژی گووللـەیان لێ دەکرێت و هەردووکیان گیان لەدەست دەدەن.
بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان و خەڵکی گوندەکە، لە نێوان داعش و هێزە عێراقيیەکاندا شهڕ و رووبەڕووبوونەوە دروست بووە و لەکاتی تێپەڕینی ئەو خێزانه لە نزیکی شەڕەکەوە، فیشەکیان بەرکەوتووە.
شايهتحاڵهكان بۆ کوردستان24 ڕايانگەیاند، لەکاتی ڕووداوەکەدا دوو منداڵیان لەگەڵدا بووە، بەڵام ئەوان سەلامەتن، جگە لەو دوو منداڵە، سێ منداڵی دیکەشیان لەدوای خۆیان بەجێ هێشتووە.
خێزانهكه کوردن و ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵیان پێ بووە، ئێستا تەرمەکانیان لە نەخۆشخانەی داقووقە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە.
هاوینی ئەمساڵیش لە هەمان شوێن، ئۆتۆمبێلیك کە 10 هاووڵاتی عەرەبی تێ دابوو، درایە بەر دەستڕێژی گووللـە و سەرجەمیان گیانیان لەدەست دا، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت تەقەکان لەلایەن چەکدارانی بازگەکەوە کراون.
ئ. م