ئهمازۆن 200 هەزار کەس دادەمەزرێنێت
بۆ ئامادەکاری وەرزی جەژن و پشووەکان
K24 – ههولێر:
پێگەی ئامازۆن دۆت کۆم لە پلانیدایە 200 هەزار کەس بۆ ئامادەکاری وەرزی جەژن و پشووەکانی دابمەزرێنێت.
ئەوەش 100 هەزار کەس زیاترە بەراورد بە وەرزی 2018 کە دایمەزراندبوون، کۆمپانیاکە ئاماژە بەوەدەدات ئەو بەرزبوونەوەیە لەگەڵ بەردەوامی گەشەی کارەکانی کۆمپانیاکەیانە بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی.
ئامازۆن لەگەڵ وهرزی پشووەکان رووبەڕووی زیادەی داواکاری دەبێت لە پێگەی ئینتەرنێتەوە بەوەش چەندین کۆگا و خزمەتگوزاری گواستنەوەی دابینکردووە، هەروەها کاردەکات لەسەر خێراکردنی پڕۆسەی گەیاندنی داواکارییەکان بە کڕیاران لە رێگەی خزمەتگوازەی پرایمەوە کە رۆژێک بۆ دوو رۆژ دەخایەنێت.
سەرەڕای ئهمازۆن، کۆمپانیای دیکەش ئامادەکاری دەکەن بۆ دامەزراندنی کارمەندی زیادە لە وەرزەکانی پشوودا، بە جۆرێک كۆمپانیای تارگێت 130 هەزار کەس دادەمەزرێنێت، کە ئەو بڕەش نزیکەی 4% زیاترە لە ساڵی رابردوو.