ناكۆكی ئەمه‌ریکا و چین نرخی کانزاکانی دابەزاند

مەترسییەکان لە جەنگی بازرگانی زیاد بکات

K24 – هه‌ولێر:

بەهۆی گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین نرخی مس دابەزی، ئەوەش وایکرد کە مەترسییەکان لە جەنگی بازرگانی زیاد بکات و جەنگەکە زیاتر درێژە بکێشێت.

نرخی مس لە بازاڕەکاندا بە رێژەی 0.9% بۆ 5892 دۆلار بۆ هەر رەتڵێک دابەزی، ئەمە لە کاتێکدایە لە مامەڵەکانی پێشوودا ئەو کانزا سوورە بەهۆی گەشبینییەکان بە قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی بازرگانی نێوان ئەمه‌ریکا و چین بەرزترین ئاستی سێ هەفتەی بە 5968 دۆلار بۆ هەر رەتڵێک تۆمارکرد.

ئەوەش دوای ئەوە دێت چین هۆشداری بە ئەمریکادا کە رێوشوێنی توند دەگرێتە بەر، ئەگەر سەرۆکی ئەمه‌ریکا پڕۆژە یاسای پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی هۆنگ کۆنگ پەسەند بکات.

جۆن مایەر شڕۆڤەکاری ئابووری لە ئێس بی ئێنجل رایگه‌یاند، ترەمپ مەترسییەکانی لە جەنگی پێناسی گومرگی لەگەڵ چین زیادکردووە، بە هیچ شێوەیەک پێشبینی ناکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو دوو وڵاتە رێکبکەون".

هاوکات کانزاکانی دیکەی پیشەسازیش وەک نیکڵ لە مامەڵەکاندا بۆ کەمترین ئاستی چوار مانگی رابردووی بۆ 13930 دۆلار بۆ هەر تۆنێک دابەزی.

هەروەها ئەو کانزایە لە ژێر گوشاردایە بەهۆی مەترسییەکان لە خواستی کارگەکانی پیشەسازی پۆڵا، کە زۆربەیان لە چینە و دوو لەسەر سێی بەکارهێنانەکان پێکدەهێنێت کە تەنیا ئەمساڵ 2.4 ملیۆن تۆنی بەکارهێناوە.

نرخی ئەلومنیۆنیش بە رێژەی 0.7% بۆ ئاستی 1752 دۆلار بۆ هەر تۆنێک دابەزی.

کانزای زینکیش بە رێژەی 0.8% بۆ 2279 دۆلار بۆ هەر تۆنێک دابەزی.