ئەسەد بودجەی 2020ـی سووریا پەسەند کرد
قەبارەی بودجەی 2020ـی سووریا 9.2 ملیار دۆلارە
K24 – ههولێر:
بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا، یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی دەرکرد کە بڕەکەی 9 ملیار دوو ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
لە بودجەکەدا قەبارەی کورتهێنان لە کەرتی کارەبادا دیارینەکراوە کە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.
ئاژانسی هەواڵی سانا بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا یاسای بودجەی گشتی ساڵی داهاتووی دەرکرد کە قەبارەی چوار ترلیۆن لیرەی سوورییە.
لە لایەکی دیکەوە بەهای ئاڵووگۆڕی لیرە لە بانکی ناوەندی سووریا بە 434 لیرە بەرامبەر دۆلارێک دیاریکراوە، بەڵام بەشێوەیەکی گەورە لە بازاڕەکان بۆ ئاستی 800 لیرە بەرامبەر دۆلارێک دابەزیووە.
بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریاوە کە زیاتر لە هەشت ساڵە بەردەوامە، ژێرخان و سەرخانی ئابووی وڵاتەکە زیانی گەورەی بەرکەوتووە، و بە گوێرەی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان تێچووی زیانەکانی سووریا نزیکەی 400 ملیار دۆلاری ئەمەریکییە.