عێراق.. له ژێر گوشاری شهقام بهرهو ململانێیهكی نوێی سیاسی
كورد دهبێت ئامادهكاری بۆ قۆناغی دوا عادل عهبدولمههدی بكات
K24 - ههولێر:
سیاسەتمهدارێكی كورد لەو باوەڕەدایە كورد پێویستی بەوەیە خۆی بۆ قۆناغی دوای عادل عەبدولمەھدی ئامادە بكات، مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری كورد ئاماژە بەوەدەكات لەسەر كورد پێویستە بە ھاوكێشەیەكی قورسەوە بچێتە نێو گفتوگۆكانی پێكھێنانی كابینەی نوێوە، بۆ ئەمەش داوا لە لایەنە سیاسییە كوردییەكان دەكات یەكڕیزی خۆیان بپارێزن و رێگربن لەوەی ئەم دۆخە نوێیەی لە عێراق دێتە كایەوە كاریگەری بكاتە سەر مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان.
سەردەمی دوای عادل عەبدولمەھدی گرنگترین ئەو قۆناغانەیە كە ساسییەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان ئێستا بیری لێدەكەنەوە، عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق نامەی دەست لەكاركێشانەوەی ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، ئەمەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ مەرجەعییەت و داواكاری خۆپیشاندەران.
سیاسهتمهدارێكی كورد كه ساڵانێكی زۆری لە بەغدا بەسەربردووە، باس لە دەوری كورد دەكات لە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی دوای عادل عەبدولمەھدی.
كورد لەگەڵ ئەوەدابوو كابینەكەی عادل عەبدولمەھدی دەرفەتی تەواوی بۆ چاكسازیكردن لە وڵات پێبدرێت، چونكە سەركردایەتی سیاسی كورد لەو باوەڕەدایە كێشە و گەندەڵییەكان ھی ساڵانی ڕابردوون و بەسەر سەری سەرۆك وەزیرانی ئێستا شكاونەتەوە، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان لەگەڵ ئەوەدایە كورد ئەمجارە بە ھاوكێشەیەكی قورستر لە جاران بەشداری دانووستانەكانی قۆناغی دوای عادل عەبدولمەھدی بكات.
ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ئەم دۆخەی ئێستای عێراق تێیدایە دوای عادل عەبدولمەھدی زیاتر ئاڵۆز دەبێت، ئێستا كورد خۆی بۆ قۆناخی دوای عادل عەبدولمەھدی ئامادەدەكات دیار نییە سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق ھەمان تێڕوانینی عادل عەبدولمەھدی بۆ پرسە و كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبێت یاخود نا.