مێسی لە نێوان هەردوو گێمی ریمۆنتادایەکەی لیڤەرپوول چی بە یاریزانانی بارسێلۆنا گوتووە؟

بۆیەکەمجار وردەکاریی قسەکانی مێسی لە شەوە شوومەکەی ئانفێڵد ئاشکرا دەکرێت

بۆیەکەمجار هەڵوێستی مێسی لە یاریی بەرامبەر لیڤەرپوول ئاشکرا دەبێت، کە بارسێلۆنا ریمۆنتادایەکی مێژوویی بەسەردا کرا و لە پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بە شێوەیەکی دراماتیکی ماڵئاوایی کرد.

لەو فیلمە دۆکیۆمێنتارییەی لەبارەی یارییەکانی وەرزی رابردوو یانەی بارسێلۆنا بڵاویکردووەتەوە، کاردانەوە و هەڵوێستی یاریزانانی بارسێلۆنا لەمیانی یارییەکەیان بەرامبەر لیڤەرپوول ئاشکرابووە، کە شەش مانگ لەمەبەوبەر مێسی و هاوڕێکانی لە یاریی گەڕانەوە لە یاریگای ئانفێڵد بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕان و لە چامپیۆنزلیگ کرانە دەرەوە، لەکاتێکدا لە یاریی چوون بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردنەوەیان بەدەستهێنابوو.

لە دۆکیۆمێنتارییەکە دەردەکەوێت، مێسی دوای کۆتایی هاتنی نیوەی یەکەم کە بە گۆڵێک لە دواوەن لە ژووری جلگۆڕین بە یاریزانەکانی بارسێلۆنا دەڵێت 'لەبیرتان بێت ئەوەی لە یاریی بەرامبەر رۆما روویدا هەڵەی خۆمان هەبوو، هەڵەی کەسی دیکە نەبوو، نابێت جارێکی دیکە ریمۆنتادامان بەسەردا بکرێت، نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین، پێویستە خۆمان بسەڵمێنین، نابێت ریمۆنتادایەکەی رۆما دووبارە بێتەوە'.

هەروەها لیۆ لە نێوان هەردوو گێمی دۆڕانە گەورەکەیان بەرامبەر لیڤەرپوول پێش ئەوەی بچنەوە ناو یاریگا بە هاوڕێکانی دەلێت 'نابێت بگەڕێینەوە دواوە، پێویستە هێزی خۆمان بسەپێنین، یەڵا با بڕۆین'.

ئەم قسانەی مێسی نەبوونە هۆی ئەوەی بارسێلۆنا ریمۆنتادای بەسەردا نەکرێت، بەڵکو لە نیوەی دووەم بارسا سێ گۆڵی دیکەی لێکرا و لیڤەرپوول گەیشتە یاریی کۆتایی و دواتریش بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.