ترەمپ ھەڕەشە لە چین دەكات
"نەگەینە رێککەوتن ئامادەین پێناسی گومرگی بۆ سەر کاڵای چینی زیادبکەین"
K24 - ھەولێر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەیی ئیدارەکەی نیشاند بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بۆ سەر کاڵای هاوردەکراوی چینی، ئەگەر لەگەڵ پەکین نەگەنە رێککەوتن.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا: "چینییەکان دەیانەوێت رێککەوتنی بازرگانی ئەنجامبدرێت، و ئیدارەکەشی چاوەڕوانە لە داهاتوودا چی روودەدات".
لەلایەكی دیكە سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا پێناسی گومرگی بەسەر ئاسن و ئەلەمینیۆمی هاوردەکاراوی بەرازیل و ئەرجەنتین بسەپێنێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەو دوو وڵاتە یاری بە بەهای دراوەکەیان دەکەن و دایدەبەزێنن.
هاوکات ترەمپ رایگەیاند، ئەو دوو وڵاتە لە دوو ساڵی رابردوودا، بەهای دراوەکەیان بۆ کەمترین ئاست بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی دابەزاندووە کە نزیکەی 10% دەبێت.
هەروەها جارێکی دیکە ترەمپ داوای لە بانکی فیدڕاڵی کرد بەهای دۆلار بۆ پاڵپشتی ئابووری ئەمریکا دابەزێنێت، بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە سوود لە بەهێزی دۆلار وەنەگرن بەهای دراوەکانیان بەو شێوەیە دابەزێنن، کە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی رکابەری نا یەکسان لە هەناردەکردنی کاڵای ئەمریکیدا.
ئەمە لەكاتێكدایە وەزیری دارایی بەرازیل هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو کە پشتیوانی لە دابەزینی بەهای دراوەکەیان دەکەن و گووتیشی گرفتیان لە بەرزی بەهای دۆلار نییە.