بەڵێندەرانی سلێمانی داوای پارەی پڕۆژە بەردەوامەکان دەكەن

خەرج نەکردنی پارە بەڵێندەرانی نیگەران کردووە

K24 - سلێمانی

خەرج نەکردنی پارەی بەڵێندەران لە پارێزگای سلێمانی، بەڵێندەرانی سنوورەکەی نیگەران کردووە و داوا دەکەن بەزووترین کات پارەی پرۆژە بەردەوامەکان خەرج بکرێ و بڕەکەشی زیاتر بکرێت.

ھەرچەندە بەشێک لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری سلێمانی کارکردن تێیاندا بەردەوامە، بەڵام بەڵێندەران ھیچ بڕە پارەیەکیان بۆ کارکردن لە پڕۆژە بەردەوامەکان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا وەزارەتی پلاندان بە نووسراوی ژمارە 34002 پارێزگای سلێمانی ئاگادارکردووەتەوە  تا بڕی سێ ملیار و 930 ملیۆن دیناریان بۆ خەرج بکات.

بەڵێندەران نیگەرانن لە خەرجنەکردنی ھیچ بڕە پارەیەک بۆیان، داوا دەکەن بڕی پارەی دیاریکراو زیادبکرێ و بەزووترین کاتیش پارەكەیان پێبدرێت.

لەکۆی 750 پڕۆژەی بڕیار لەسەردراو، کارکردن لە 105 پڕۆژەیان بەردەوامە، بەڵام ھیچ یەکێک لە بەڵێندەران پارەیان لە حکوومەت وەرنەگرتووە، ئەوەش وایکردووە بەڵێندەران دووچاری گرفتی گەورە بکاتەوە.