مێسی: کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێنجەم باڵۆن دۆری بەدەستهێنا پێمناخۆش بوو چونکە ریکۆردەکەی منی هاوتاکردەوە
مێسی: کریستیانۆ رۆناڵدۆ شایستەی پێنجەم باڵۆن دۆر بوو
لیۆنێل میسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ دان بەوەدا دەنێت دوو ساڵ لەمەوبەر پێیناخۆش بووە کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێنجەم باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە و ریکۆردی ئەوی شکاندووە بەڵام دان بەوەشدا دەنێت کە دۆن بە شایستەیی خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە.
لیۆنێل مێسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ کە ئەمڕۆ سێشەممە بلاوبووەتەوە دەڵێت 'دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێنجەم باڵۆن دۆری بەدەستهێنا و ریکۆردەکەی منی هاوتاکردەوە، تۆزێک پێم ناخۆش بوو، چونکە پێشتر بۆ ماوەیەک بە تەنیا لە لوتکەدا بووم، چونکە زۆر خۆش بوو بۆ من بەتەنیا پێنج باڵۆن دۆرم هەبوو، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ شایستەبوو چونکە نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنابوو وەرزێکی باشی هەبوو.
من بیر لەوە ناکەمەوە حەوت خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەست بهێنم، من زۆر بیر لە داهاتوو ناکەمەوە تەنیا بیر لە سبەی دەکەمەوە بتوانم لەگەڵ خێزانەکەم کاتێکی خۆش بەسەر ببەم'.
هەروەها لیۆ دەشڵێت 'لەبارەی هەستی ئێستای کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە دەزانێت من شەشەم باڵۆن دۆرم بەدەستهێناوە، پێموایە هەموو یاریزانێک هەمیشە حەز دەکات بباتەوە و سەربکەوێت و زۆرترین نازناو و خەڵات بەدەست بهێنێت، بەڵام هەر کەسێک ئازادە دەنگ بە کامە یاریزان دەدات و پێویستە رێز لە دەنگی ئەو کەسانە بگرین کە دەنگدەدەن'.
مێسی بەو باڵۆن دۆرەی دوێنێ شەو بەدەستیهێنا بووە یەکەم یاریزان شەش باڵۆن دۆر بەدەست بهێنێت و ریکۆردی کریستیانۆ رۆناڵدۆی شکاندەوە.