سەرۆکی ئەساقیفەی کلدانی لە ھەولێر: دۆخی عێراق بهرهو شهڕی ناوخۆیی ههنگاو دهنێت
بەشار مەتی وەردە: عێراق لهبهردهم دوو رێگایه
K24- ههولێر:
مەتران بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشییەی کلدانییەکان لە ھەولێر رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤ زیاتر لە 4 ملیۆن کریستیان، موسڵمان و ئێزدی بەھۆی ھەڕەشەکانی داعشەوە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و داڵدەدران.
ئهم قسانهی مەتران بەشار لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتوون، کە تایبەت بوو بە خۆپیشاندانەکانی عێراق و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، چاودێری دۆخی عێراق بکەن و حكوومهتێك بێته ئاراوە، کە رێز لە پێكھاتە و ئایینە جیاوازهكان بگرێت.
ئاماژهی بهوهشدا، زیاتر لە ٤٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون و ھەزارانی دیکەش بەسەختی برینداربوون، بەڵام ھێشتا خۆپیشاندانەکان بەردەوامن.
گوتیشی: ئێستا عێراق لەسەر دووڕیانێکە، یان ئەوەیە عێراق لە تراومای ١٦ ساڵ پێش ئێستا و سەردهمی سەدام رزگاری دەبێت و دەبێتە وڵاتێکی سەربەخۆ و ئازاد، یانیش دەبێتە وڵاتێکی بێ سەروەری و بێ یاسا و شوێنی شەڕ و یەکلابوونەوەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە.
ههروهها دووپاتیكردهوه، ئەگەر خواستی خۆپیشاندەران سەرکەوت و عێراق لەسەر بنەمای دەستورێکی نوێ و مەدەنی بنیات نرایەوە، کە لەسەر بنەمای شەریعەت نەبێت، بەڵکو رێز لە ھەموو ئایین و پێکھاتە جیاوازەکانی بگیرێت، لەناویشیاندا کریستیان و ئێزیدیەکان، ئەوکات دەتوانین بڵێین: ھێشتا ھیوایەك بۆ خەڵکی بەشمەینەتی عێراق ماوه.
جهختیشی كردهوه، ئێستا ئەمە داوا دەرفەتە بۆ عێراق و نەوەکانی ئێمەش، ئەگەر جیهان پاڵپشتیمان نەکات و ئەوا ئێمە وڵاتانی جیھان و کۆمەلگەی نێودەوڵەتی بەبەرپرسیار دەزانین.
روونیشیكردهوه، دۆخەکە سەردەکێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ لە عێراق و جارێکی دیکە بە ملیۆنان کەس بەرەو ئەوروپا و رۆژئاوا کۆچ دەکەن.
H.B