ئاوڕ لە ژیانی نەنە كوكو دەدرێتەوە
دوای راپۆرتێكی كوردستان24 ژیانێكی شایستەتری بۆ دابین دەكرێت
K24 - سلێمانی
دوای راپۆرتێكی كوردستان24 لەسەر ژیانی "نەنە كوكو"، كە ژنێكی بە ساڵاچووی دانیشتووی سلێمانییە، ژمارەیەك خێرخواز ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ھاوكارییكردن و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر ژیانی نەنە كوكو و ھاوسەرەكەی پێكھێانەوە، بۆ ئەوەی ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین بكرێت.
عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای بینینی راپۆرتی كوردستان24 لەبارەی ژیانی ئەو دوو ھاوسەرە، بڕیارماندا لیژنەیەك پێكبێنین و راپۆرتێك لەسەر ژیانیان ئامادە بكەن، ئێمە دەمانەوێت خەڵك تا بتوانێ لە ماڵی خۆی بژیت، بەڵام ئەگەر زانیمان باشترە لە ماڵی بەساڵاچووان بژین، لەسەر ئەو بنەمایە ھەنگاودەنێین و لە ماڵی بەساڵاچووان ژوورێكی تایبەتیان بۆ ئامادە دەكەین و خزمەتگوزاری رۆژانەیان پێشكەش دەكەین".
گوتیشی: "لەم دوو رۆژەدا راپۆرتەكە تەواو دەبێت و ئەوەی پێویست بێت بۆیان دەكەین".
دایە ئامینە ناسراو بە نەنە كوك، ئهو ئافرهته بەساڵاچووهی شاری سلێمانییە، له ناو خهڵك به قسە خۆش و وشە جوانەکانی ناوزهد دهكرێت، رۆژانە بە نێو بازاڕدا دەگەڕێت و خەڵکی لە خۆی کۆدەکاتەوە، ھەر کەسێكی بەھۆی قسە خۆشهکانیەوە ھاوکاریشی بکات، ئهویش له بهخشندهییهكانی بێبهش ناكات.
نەنە كوكو، بەوپێەی خوێندەواری نییە، نەدەزانی تەمەنی چەندە و نە دەشزانێ کەی ھاوسەرگیری لەگەڵ دەروێش محەمەد کردووە، بەڵام باش رۆژی ھاوسەرگیریەکەی بیرە، 5 منداڵی بووە و سهرجهمیان بە رووداوی جۆراوجۆر لەژیان نەماون، ئیستاش لەناو کوخێکی بچووك لەگەڵ دەروێشی هاوسهری ژیان دەگوزەرێنێ.