پێشمه‌رگه‌یه‌ك گوێبیستی هه‌واڵی شه‌هیدبوونی ده‌بێت
به هه‌ڵه وێنه‌كه‌ی بڵاوده‌كرێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
له په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی رابردوو چه‌كدارانی داعش له میحوه‌ری گه‌رمیان، سێ پێشمه‌رگه شه‌هید و دووانی دیكه‌ش برینداربوون، به‌ڵام له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك وه‌ك یه‌كێك له شه‌هیدانی په‌لاماره‌كه بڵاوكرایه‌وه، كه‌چی خۆی زیندووه و هه‌واڵه‌كه ره‌تده‌كاته‌وه.
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه ناوی لوقمان ره‌ئووفه، وێڕای بڵاوكردنه‌وه‌ی روونكردنه‌وه له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له فه‌یسبووك، به‌ڵام هێشتا هه‌ڵمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ی رانه‌وه‌ستاوه.
كوردستان 24 په‌یوه‌ندی به‌و پێشمه‌رگه‌یه كرد و له باره‌ی رووداوه‌كه و چۆنیه‌تی بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد.
لوقمان ده‌ڵێت: "زۆر له‌مێژه وێنه‌یه‌كی خۆم له به‌ره‌كانی شه‌ڕ له فه‌یسبووك بڵاوكرده‌وه، دوای په‌لاماره‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی داعش‌یش، یه‌كێك له په‌یجه‌كان وێنه‌ی منی له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌كه دانابوو، به‌ڵام ئه‌و په‌یجه باسی شه‌هیدبوونی منی نه‌كردبوو، ته‌نها باسی په‌لاماره‌كه‌ی كردبوو، كه‌چی دواتر په‌یجێكی دیكه وێنه‌كه‌ی بردبوو و وه‌ك شه‌هیدێك وێنه‌ی منی بڵاوكرده‌وه".
لوقمان، كه ئێستا له یه‌كێك له باره‌گاكانی پێشمه‌رگه له قه‌ره‌هه‌نجیره، باس له‌وه ده‌كات، به درێژایی ئه‌مڕۆ نه‌یتوانیوه ئه‌ركی خۆی رابپه‌ڕێنێت، چونكه به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی پێوه‌كراوه و له هه‌واڵیان پرسیووه.
وه‌ك خۆی ده‌یگێڕێته‌وه، كاتێك هه‌واڵه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌و نووستووه و ئاگادار نه‌بووه، چونكه میحوه‌ره‌كه‌یان زیاتر له 3 كاتژمێر دووره و لای ئه‌وان ئارامه و له‌سه‌ر یه‌ك هێڵیش نین.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، برایه‌كی به هه‌واڵه‌كه‌ی زانیوه و په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه نه‌كردووه، چونكه هه‌ر وایزانیوه هه‌واڵه‌كه راسته، بۆیه په‌یوه‌ندی به یه‌كێك له هاوڕێكانی ده‌كردووە.
لوقمان ده‌ڵێت: "ئێمه ئه‌و كاته نووستبووین، هاوڕێیه‌كم منی له خه‌و هه‌ستاند، مۆبایله‌كه‌ی پێدام و گوتی فه‌رموو براكه‌ته، منیش قسه‌م له‌گه‌ڵی كرد و براكه‌م گوتی ئه‌وه چی بووه؟ سه‌لامه‌تن؟ هاوڕێكانت هه‌موو سه‌لامه‌تن؟ منیش گوتم به‌ڵێ سه‌لامه‌تین و ئێمه نووستبووین بۆچی ته‌له‌فۆنت كردووه؟".
دوای ئه‌وه‌ی براكه‌ی له هه‌واڵه‌كه دڵنیا ده‌كاته‌وه كه سه‌لامه‌تن، به سه‌رسوڕمانه‌وه ده‌پرسێت، چی روویداوه؟ ئینجا براكه‌ی باسی په‌لاماره‌كه‌ی داعشی بۆ ده‌كات، كه تێیدا سێ پێشمه‌رگه شه‌هید و دووانی دیكه‌ش برینداربوونه.
لوقمان ره‌ئوف، وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك دڵته‌نگ بووه به شه‌هیدبوونی ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه و باس له‌وه ده‌كات، ئه‌وان هه‌میشه له ریزی پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانن بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان بپارێزن.
ئ. م