كەنەدا دەرگا بۆ پەنابەران دەكاتەوە
سەرۆک وەزیرانی کەنەدا پلانی نوێی وڵاتەكەی راگەیاند
K24 - ھەولێر
جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا پلانی نوێی بۆ پێشوازی لە کۆچبەران رادەگەیەنێت و بە گوێرەی پلانەکە لە ماوەی ساڵانی 2020 تا 2022 پێشوازی لە ملیۆنێک پەنابەری نوێ دەکەن.
ترۆدۆ لە بەیاننامەیەکدا بۆ وەزیری کۆچبەرانی نوێ رایگەیاند، زۆر پەرۆشن بۆ کۆچبەرە نوێیەکان و هانیان دەدەن روو لە وڵاتەکە بکەن.
بە گوێرەی پێگەی canadanews24 ترۆدۆ داوای کردووە ئاسانکاری زیاتر بۆ کۆچبەران بکریت، و پاڵپشتی لە سەقامگیری ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە وڵاتەکە دەکات، داواش دەکات باشترین خزمەتگوزاریان پێشکەش بکرێت.
هاوکات ترۆدۆ ئاماژەی بەوەداوە، پەناگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم کۆچبەران فەراهەم بکەن بە تایبەت بۆ ئەوانەی لە بواری رۆژنامەنووسی و چالاکوانی مافی مرۆڤ کاردەکەن، کە مەبەست لێی نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانە لە خاکی کەنەدا.
سەرۆك وەزیرانی کەنەدا دەشڵێت، باج لەسەر وەرگرتنی رەگەزنامە هەڵدەگیرێت بۆ ئەو کەسانەی کە مەرجی پێویستیان تێدایە.
هاوکات وڵاتەکە وەرگرتنی ژمارەی کۆچبەران 10 هەزار کەس بۆ ساڵی 2022 زیاد دەکات، کە ساڵی 2020 پێشوازی لە 341 هەزار و ساڵی 2021 پێشوازی لە 350 هەزار ساڵی 2022 پێشوازی لە 360 هەزار کۆچبەر دەکات.
بەوەش کەنەدا دەبێتە یەکەم وڵات کە بەو شێوەیە پێشوازی لە کۆچبەران بکات و ئاسانکاری پێدانی رەگەزنامە و فێربوونی زمان و پەرەپێدانی تواناکانیان بکات، بۆ ئەوەی ئاوێتەی کۆمەڵگەی وڵاتەکە بن.
ھ.م