سوپای پاسداران: بە مووشەکی بالیستی بنکەی ئەمریکامان لە ئوردن کردە ئامانج

سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کرد، بە مووشەکی بالیستی هێرشێکی بەرفراوانی کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی "ئەزرەق"ی ئەمریکی لە خاکی ئوردن، ئەمەش لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکایە بۆ سەر کەشتییە نەوتی و بازرگانییەکانی ئێران.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: سوپای ئەمریکا لە ئەنجامی بێدەسەڵاتی و داڕمانی بەرامبەر بە ئیرادەی گەل و جەنگاوەرانی ئێران لە گەرووی هورمز، پەنای بۆ هێرشکردنە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی و نەوتیی ئێرانی برد. لە بەرانبەر ئەم دەستدرێژییەدا، هێزەکانی سەر بە هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، ئۆپەراسیۆنی تۆڵەکردنەوەیان دەستپێکرد.

بە پێی راگەیەنراوەکە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیی پێشکەوتوو، بە شێوەیەکی راستەوخۆ شوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-35، F-16 و F-15ـی سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئەزرەق لە ئوردن پێکراون و زیانێکی زۆر بە کەلوپەل و ژێرخانی سەربازیی ئەو بنکەیە گەیشتووە.

سوپای پاسداران لە بەشێکی دیکەی راگەیەنەراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە جەنگێکی یەکلاکەرەوەدان لە دژی ئەمریکا. هاوکات جەختی کردەوە، هەر جووڵەیەکی دوژمنکارانە لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمز بە وەڵامێکی دەستبەجێ و توند رووبەڕوو دەبێتەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی کردەوە، ئەم ململانێ بەهێزە دژ بە هێزەکانی ئەمریکا، تا راگرتنی تەواوەتیی هەموو دەستدرێژییەکانیان بەردەوام دەبێت.