سەداوسیما: ئەمریکا دووەم کەشتیی نەوتهەڵگری لە نزیک جاسک کردە ئامانج
سەداوسیمای ئێران رایگەیاند، هێزەکانی سوپای ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر دووەمین کەشتیی نەوتهەڵگر لە نزیک سنوورە ئاوییەکانی بەندەری جاسک، هاوکات هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی سەرنشینەکانیان دەستی پێکردووە.
سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیارییەکانی سەداوسیما، ئەمریکا لە نزیک ئاوەکانی جاسک لە باشووری ئێران، دووەم کەشتیی نەوتهەڵگری کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی.
هەر لەو بارەیەوە و سەبارەت بە سەلامەتیی تیمەکان، میدیای فەرمیی ئێران ئاشکرای کردووە، ئێستا کارمەند و دەستەی هەردوو کەشتییە نەوتهەڵگرەکە ، لە رێگەی بەلەمی فریاگوزارییەوە بەرەو کەناراوەکانی بەندەری جاسک لە حاڵی گواستنەوەدان.
کەمێک پێش ئێستا، تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیک دوورگەی خارگ و بەندەری جاسک هێرشی کردووەتە سەر چەندین ئامانج.
بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەو ئامانجانەی بۆردوومان کراون نەوتهەڵگرەکانی ئێرانیان تێدایە، و ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ خستنە ژێر گوشاری ئابووریی ئێران.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، ستراتیژی نوێی ئەمریکا لەم قۆناخەدا بریتییە لە لەکارخستن و نوقمکردنی ئەو نەوتهەڵگرانەی کە نەوتی خاوی ئێران دەگوازنەوە.
هاوکات، فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا، هۆشداری دەداتە سەرجەم کارمەندانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە سنووری لەنگەرگە و ئیسکەلەکانی هەردوو وڵاتی کوەیت و بەحرەین، کە دەستبەجێ کەشتییەکانیان چۆڵ بکەن، بەو پێیەی دەکرێنە ئامانج.
هەر ئەمڕۆ هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ئاڵۆزدا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، توانیویانە دەست بەسەر یەکێک لە پێشکەوتووترین ژێردەریاییە زیرەک و بێسەرنشینەکانی سوپای ئەمریکادا بگرن.
لە وەڵامدا، کاپتن تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "NewsNation" سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە دەستبەسەرداگرتنی درۆنێکی ژێردەریایی ئەمریکی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە گەرووی هورمز دەکەن، رایگەیاند: "درۆنێکی ژێردەریایی کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کاری پێدەکرا، زیاتر لە رۆژێک لەمەوبەر دووچاری کێشەی تەکنیکی و لەکارکەوتن بووە."