ڤالڤێردی: ریال مەدرید لە ئێمە باشتر بوو
زیدان: شایستەی بردنەوە بووین
دوای کلاسیکۆ کە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، زیدان ستایشی یاریزانەکانی کرد و گوتی ئێمە شایستەی بردنەوە بووین بەڵام نەمانتوانی گۆڵ بکەین، ڤالڤێردیش دانی بەوەدانا کە ریال مەدرید لەوان باڵادەستتر بوون لە یارییەکە.
زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی یارییەکەوە گوتی 'ئێمە یارییەکی باشمان کرد، لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی یارییەکە یارییەکەمان بە باشی بەڕێوەبرد، من تۆزێک هەست بە بێئومێدی دەکەم چونکە پێموایە شایستەی زیاتر بووین، چونکە ئێمە لە بارسێلۆنا باشتر یاریمان کرد بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی گۆڵ تۆمار بکەین، چەندان هەلمان بۆ رەخسا بەڵام نەمانتوانی گۆڵ بکەین، شانازیی بە یاریزانەکانم دەکەم چونکە ئەوەی لەسەریان بوو پێشکەشیان کرد، من هیچ لێدانێکی سزام لە دژی ڤاران نەبینی و نامەوێت باسی ئەم رووداوانە بکەم چونکە یارییەکە کۆتایی هات'.
هەروەها ئێرنێستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری بارسێلۆنا دوای یارییەکە لەبارەی کلاسیکۆوە گوتی 'ئەوان لە یاریگای ئێمە یارییان دەکرد و بەهۆی فشارە بەردەوامەکەیان نەماندەتوانی بەردەوام رووبەڕوویان ببینەوە، سەرەتا وادەرکەوتن کە بە ئاسانی دەتوانن گۆڵ بکەن، بەڵام گۆڵپارێزەکەمان زۆر بەباشی دەرکەوت، بەتایبەتی کاتێک ڤالڤێردی هەوڵیدا گۆڵ بکات، پیکێش سەرکەوتوو بوو لە رزگارکردنی یانەکەمان لە گۆڵێک، بەڵام ئێمەش چەند هەلێکی گۆڵکردنمان بۆ رەخسا، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ریال مەدرید لە یارییەکە باڵادەستتر بوو، چونکە فشارێکی زۆریان خستبووە سەرمان'.