یەكێتی 118 ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی ھەڵدەبژێرێت

رۆژی سێیەمی كۆنگرەی یەكێتی

K24 - سلێمانی

لە سێیەم رۆژی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمڕۆ 118 كەس وەك ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی ھەڵدەبژێردرێن.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "لە كۆنگرەی یەكێتی ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی ھەڵدەبژێردرێن، بڕیارە پاش كەمێكی دیكە ھەڵبژاردن دەست پێبكات، كە بەسەر 16 بازنە دابەشكراوە، دەنگدانەكە بە چاودێری دوو دادوەر بەڕێوەدەچێت".

ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی  سەركردایەتی یەكێتی لە 121 ئەندام پێكدێت، بەڵام لە رۆژی یەكەمی كۆنگرە ھەر یەك لە بەرھەم ساڵح و قوباد تاڵەبانی و رێواز فایەق، بەو پێیەی كە لە ھەرێمی كوردستان و عێراق پۆستی باڵایان ھەیە بە زۆرینەی دەنگ كران بە ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی، ئەمڕۆش 118 ئەندامی دیكە ھەڵدەبژێردرێن.

دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی، لەناو ئەو ئەنجوومەنە پۆستی كەسی یەكەم و جێگر و پۆستەكانی دیكە یەكلا دەكرێنەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش بەرھەم ساڵح بەھێزترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتی.

رۆژی 21/12/2019 كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەستی بەكارەكانی كرد، لە رۆژی یەكەمدا ئەنجوومەنی باڵای سیاسی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ ھەڵبژێردرا و لە رۆژی دووەمیش پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە بە زۆرینەی دەنگ پەسندكرا. بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24 ئەمڕۆ دوا رۆژی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی یەكێتی دەبێت.