دەنگی 9 بازنە بۆ ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی یەكلایی كرانەوە
دەستكرا بە جیاكردنەوەی دەنگی چوار بازنە
K24 - ھەولێر
ماوەی دوو رۆژە دەستكراوە بە پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی، بەگوێرەی دوایین زانیاریش دەنگی 9 بازنە یەكلا كراوەنەتەوە.
بەگوێرەی میدیای فەرمی یەكێتی "پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی لە 9 بازنە كۆتایی هاتووە و لە چوار بازنەی دیكەش دەست بە جیاكردنەوەی دەنگەكان كراوە".
روونكراوەتەوە: "جیاكردنەوەی دەنگەكانی بازنەی خانەقین، بازنەی گەرمیان، بازنەی چەمچەماڵ، بازنەی كۆیە، بازنەی قەرەچوغ، بازنەی حەمرین، بازنەی شنگال، بازنەی نەینەوا، بازنەی بەغدا كۆتایی هاتووە. تائێستا 95%ی دەنگەكانی بازنەی سلێمانی و 97%ی دەنگەكانی بازنەی هەولێر و 100%ی دەنگەكانی بازنەی كەركووك جیاكراونەتەوە".
ئاماژە بەوەشكراوە: "دەستكراوە بە جیاكردنەوەی دەنگەكانی بازنەكانی دهۆك و شارەزوور و سۆران و راپەڕین دەستیپێكردووە".
كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە 21/12/2019 دەستی بەكارەكانی كرد، لە رۆژی یەكەمی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی ھەڵبژێردرا و رۆژی دواتریش پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا، لە رۆژی سێیەمی كۆنگرە پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی دەستیپێكرد، بەڵام تائێستا پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان تەواو نەبووە، بەگوێرەی زانیارییەكان بڕیارە ئەمڕۆ كۆتایی بەو پڕۆسە بێت و لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرەی یەكێتی ئەنجامەكان رابگەیەنێت.