پێکهاتەکانی عێراق کۆچ دەکەن

"بەهۆی ئاڵۆزییەکان نزیکەی 140 ھەزار کریستیان کۆچیان کردووە"

K24 - ھەولێر

پێکھاتەکانی عێراق بەھۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوای خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر، مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە و بەشێکیان روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و بەشێکیشیان بۆ دەرەوەی وڵات کۆچ دەکەن. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش لە پێکھاتەی کریستیان پێوایە لە ھەموو گرژییەکانی عێراقدا پێکھاتەکان قوربانی یەکەمن. ھاوكات ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش لە پێکھاتەی تورکمان دەڵێت "لە بەرئەوەی ھەرێمی کوردستان ئارامترین شوێنە لە عێراق، پێکھاتەکان رووی تیدەکەن".

بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایە و کێشەی تایفی نزیکەی  140 ھەزار کریستیان کۆچیان کردووە، ئەمە جگە لەوەی کە بەشێکی زۆریان لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە، دەمانەوێ پارێزگاری لەو بەشە کەمەی پێکھاتەکان بکرێت کە لە عێراق ماونەتەوە، بەڵام حوکمەتی عێراق پشتگوێی خستون نە ناوچەکانیان ئاوەدان ئەکاتەوە و نە خزمەتگوزاریشیان وەک پێویستە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەردەست ئەو رێکخراوانەن کە کار لەسەر مافی پێکھاتەکان دەکەن، لە پێش ساڵی 2003  ملیۆنێک و 300 ھەزار کریستیان لە عێراق ھەبووە، بەڵام ئێستا کەمتر لە 200 ھەزاریان ماون کە بەشێکی زۆریان لە ھەرێمی کوردستانن. 

لەگەڵ ھاتنی داعشیش نزیکەی 300 ھەزار ئێزیدی عێراقیان بەجێھێشتووە  پێکھاتەی سابيئەش کە ژمارەیان 60 ھەزار خێزان بوون کەمتر لە  3 ھەزاریان لە عێراقدا ماون. گرژییەکانی ئەم دوایەش بوونەتە ھۆکارێک کە بەشێکی زۆر لەو پێکھاتانە روو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.

ھ.م