ئەو وڵاتانەی لە ساڵی 2019 زۆرترین کاری تیرۆرستیان تێدا کراوە
عێراق پلەی چەندەمە؟
K24 – ههولێر:
ئەگەرچی هێشتا تیرۆریزم هەڕەشەیە لەسەر جیهان، ئەم ساڵ، پێنجەم ساڵە لەسەر یەک، ژمارەی کردەوە تیرۆرستییەکان لە جیهان کەم دەکات.
لەگەڵ ئەمەش، لەو وڵاتانەی داعش تیایاندا چالاکە، هێشتا تیرۆریزم و چالاکی تیرۆرستی رۆژانە بەشێکە لە ژیانی رۆژانەی هەندێک ناوچە.
ئەو 10 وڵاتەی زۆرترین کاری تیرۆرستیان تێدا کراوە
10. کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ
ساڵی پار کۆنگۆ یانزەهەمین وڵات بوو لە ریزبەندییەکە، بەڵام ئەمساڵ پێش میسر کەوتووە و بەهۆی جەنگی میلیشیاکان، کاری تیرۆرستی زۆری تێدا کراوە.
9. فیلیپین
بزووتنەوەی یاخیانی کۆمۆنیستی فیلیپین، بزووتنەوەی ئازادی ئیسلامی بانگسامۆرۆ و چەند گروپ و میلیشیایەکی دیکە، چالاکییەکانیان دژی حکوومەتی فیلیپین زیاد کردووە. لە ساڵی 2001ەوە، سێ هەزار و 166 هاووڵاتی لە فیلیپین بەهۆی چالاکییە تیرۆرستیەکان مردوون.
8. یەمەن
ساڵی پار لە یەمەن، 301 کەس بە 325 کردەوەی تیرۆرستی گیانیان لەدەستدا.
7. هیندستان
هیندستان هەڕەشەی تیرۆری جیاوازی لەسەرە چونکە ئیسلامییەکان، کۆمۆنیستەکان و گروپە یاخییەکان هەوڵی چالاکی جیاواز دەدەن.
6. سۆماڵ
ئەگەرچی هێرشە تیرۆرستییەکان لە سۆماڵ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام بەهۆی بوونی رێکخراوی ئەلشەباب و ئەلقاعیدە، هێشتا ئەو وڵاتە بەدەست تیرۆریزمەوە دەناڵێنێت.
5. پاکستان
بەهۆی گروپێکی ئیسلامی توندڕەو لە پاکستان وەکو داعش و تەحریک تاڵیبان، پاکستان وڵاتێکی ئارام نییە. لە ماوەی یەک ساڵدا، 537 کەس بەهۆی هێرشی تیرۆرستی کوژراون. لەگەڵ ئەمەش، کەمبوونەوەی کردەوە تیرۆرستییەکان لە پاکستان لە کەمبووندایە.
4. سووریا
رێژەی کردەوە تیرۆرستییەکان لە سووریا 40% کەمی کردووە، بەڵام جەنگی ناوخۆی بەردەوامە و بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و جەنگی ئیدلب رەنگە، رێژەی کوژراوانی دەستی کردەوە تیرۆرستییەکان زیاد بکات.
3. نایجیریا
13% هەموو رووداوە تیرۆرستییەکانی جیهان لە نایجیریا ئەنجام دەدرێن و لە ماوەی یەک ساڵدا، کردەوە تیرۆرستییەکان بە رێژەی 33% زیادی کردووە.
2. عێراق
هەندێک پێشڤەچوون لە عێراق هەیە و لە ساڵی 2019، چیدی عێراق هاوشێوەی 2018 خراپترین وڵات بۆ کاری تیرۆرستی نییە، بەڵکو دووەم خراپترینە.
لە 2018، 15 هەزار 952 کەس لە عێراق بەهۆی کارە تیرۆرستییەکان کوژرا بوون، بەڵام ئەمساڵ مردن بەهۆی کردەوە تیرۆرستییەکان بە رێژەی 75% کەمیکردووە.
1. ئەفغانستان
لە ساڵی 2003ەوە، کردەوە تیرۆرستییەکان لە ئەفغانستان بە رێژەی 631% زیادی کردووە. گروپەکانی تاڵیبان، خوراسان و داعش چالاکی تێدا ئەنجام دەدەن.
دووەم ساڵە لەسەر یەک، ئەفغانستان بەو وڵاتە هەڵدەبژێردرێت کە زۆرترین کردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجام دەدرێت.
Forbes