رەزیلترین ژنی ئەمریكا و جیھان بناسه‌

یه‌ك ده‌سته‌ جلی ره‌شی هه‌بووه‌ و به‌ جاووگه‌ره‌كه‌ی وۆڵ ستریت وه‌سف ده‌كرا

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/af54d212-fa4a-4cb2-995e-a6d528e79cae/122519GHH.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی راپۆرتێكی لەسەر "ھیتی گرین"  دەوڵەمەندترین و رەزیلترین ئافرەتی ئەمریكا و تەنانەت جیھان ئەنجامداوە, ئەو ژنەی لە ساڵی 1834 لە شاری "نیو بێدفۆڕد" ی ئەمریكی لە دایكبووە و لە 1916 كۆچیی دوایی كردووە.

ھیتی گرین ھەر لە تەمەنی گەنجییەوە بە مێشكە بازرگانییەكەی بە دوای باوكە دەوڵەمەندەكەی كەوتووە و رووی لە جیھانی بۆڕسە كردووە، باوكی دوای كۆچكردنی سامانێكی بەبڕی 5 ملیۆن دۆلاری ئەو كاتەی بۆ جێھێشتووە كە یەكسانە بە زیاتر لە 98 ملیۆن دۆلاری ئێستا، بەڵام لەگەڵ ئەو ھەموو دەوڵەمەندییەش، گرین لە ژمارە پێوانەییەكانی رەزیلیدا، ناوی چووەتە كتێبی گینسەوە.

ئەو ژنە رەزیلەی جیھان، ھەرچەندە ھەموو ژیانی بۆ زیادكردنی ئەو سامانە تەرخانكرد، كەچی لە شووقەیەكی یەكجار بچووك و كۆن دەژیا و ئۆتۆمبێلی نەبووە و تەنانەت یەك دەست جلوبەرگی ھەبووە، ئەو لە تەمەنی 33 ساڵیدا ھاوسەرگیری لەگەڵ ملیۆنێرێكدا دەكات و دەبێتە دایكی كۆڕ و كچێك و پاش ئەوەی كە گەورە دەبن، بەرگەی ئەو جۆرە ژیانەی دایكیان ناگرن و سەربەخۆیانە دەژین.

ھەر بەگوێرەی راپۆڕتەكە، گرین  لە وۆڵ ستریت بووە جێی مەترسی ھەمووان  و ناوی جادووگەر و شاژنەكەی ووڵ ستریتیان لێنابوو  و  ئەو كات ژمارەیەكی زۆری گەورە وەبەرھێنەران قەرزاری گرین بوون، بەو پێیەی كە قەرزێكی زۆری تایبەت بە خانووبەرەى پێ دابوون، بەتایبەت لە شیكاگۆ، چونكە كاری سەرەكی كڕین و فرۆشتن بوو لە كەرتی خانووبەرە.

لە راپۆڕتەكەدا ھاتووە، دەوڵەمەندترین و رەزیلترین ژن، ھەموو ژیانی بۆ زیادەكردنی سامان تەرخانكرد و خۆشویستنی پارە وایلێكرد كە بە ھەژارترین شێوە ژیانی بگوزەرێنێت،  تا ئەو كاتەی لەتەمەنی 81 ساڵیدا بەنەخۆشیی درێژخایەن لە نیوویۆركی ئەمریكا كۆچی دوایی كرد و لە دوای خۆی سامانێكی بەبڕی 200 ملیۆن دۆلاری ئەو كاتە جێھێشت كە دەكاتە نزیكەی 45 ملیار دۆلاری ئێستا ، ھاوكات پاش مردنی گرین،  كۆڕ و كچەكەی بە سامانە كۆكراوەكەی دایكە رەزیلەكەیان  شاھانەترین ژیانیان ھەڵبژارد و تەنانەت دوای كۆچكردنی ئەوانیش، ھەموو ئەو سامانەی مایەوە بەسەر قوتابخانە و نەخۆشخانە و كۆمەڵەی خێرخوازییەكان دابەشكرا.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، ژنه‌كه‌ هێنده‌ ده‌ست داخراو بووه‌، كه‌ ئاماده‌بووه‌ قاچی كوڕه‌كه‌ی ببڕنه‌وه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك نه‌داته‌ نه‌خۆشخانه‌.