رۆیتەرز ئەو لایەنە ئاشکرا دەکات کە هێرشی کردە سەر سەربازگەی کەی وەن
بەرپرسێکی ئەمەریکا زانیاری دەخاتەڕوو
K24 – ههولێر:
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکا هێرشکەرانی سەر سەربازگەی کەی وەن ئاشکرا دەکات.
شەوی رابردوو، بە مووشەک هێرشکرایە سەر سەربازگەیەکی ئەمەریکا لە شاری کەرکووک، بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی ئەمەریکی کە بە گرێبەست کاری بۆ سوپای ئەمەریکا کردووە کوژرا و چەند سەربازێکی ئەمەریکی و عێراقیش بە سووکی بریندار بوون.
رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، ئەوان بڕوایان وایە: "میلیشیاکانی کەتائیب حزبوڵڵا کە سەر بە ئێرانن هێرشەکەیان ئەنجام داوە".
هەر بۆ ئەم مەبەستەش مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمەریکا پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی کاربەرێکەری عێراق ئەنجامدا.
سەرەتای ئەم مانگە، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی دابووە ئێران، ئەگەر میلیشیاکانی هێرشبکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق، واشنتن وەڵامێکی خێرای دەبێت".