باوکی شەڕڤانێکی یەپەگە لە بەریتانیا بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تیرۆر دەستگر دەکرێت

شەڕڤانەکە خەڵکی بەریتانیایە

K24 – هه‌ولێر:

باوکی شەڕڤانێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە بەرەگەز بەریتانییە، بە تۆمەتی تیرۆر لە بەریتانیا دەستگیر کرا.

بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، یەکەمجارە لە بەریتانیا دۆسییەکی هاوشێوە هەبێت.

پۆلیس چووەتە سەر ماڵی نێوێی، باوکی شەڕڤانەکە و دەستیان بەسەر مۆبایل و لاپتۆپەکەیدا گرتووە، پاشان نێوێی و کوڕێکی بە ناوی سام کە تەمەنی 18 ساڵە بۆ بنکەی پۆلیس گوازراونەتەوە و لێپریسنەوەیان لەگەڵ کردوون. جیا لە باوکەکە، سامیش هەڕەشەی دەستگیرکردنی لەسەرە.

دان نێوێی، شەڕڤانەکەی یەپەگە لە ساڵی 2017 چووەتە سووریا و پەیوەندی کردووە بە یەپەگەوە،لە ساڵی 2018  گەڕاوەتەوە بەریتانیا. لە دوای دەستپێکردنی هێرشی سوپای تورکیاش بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، دان گەڕاوەتەوە سووریا و دژی سوپای تورکیا دەستی بە جەنگ کردووە.

ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە ئێستادا ئازاد کراون، بەڵام لە ژێر چاودێریین و دەبێت هەر کاتێک پۆلیس داوای کرد، بچنە بنکەی پۆلیس.

لەوبارەوە دان دەڵێت: "لە لایەک بەریتانیا هاوکاری یەپەگە دەکات و لە لایەکیش لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە هەرشتێکیان لەگەڵ ئەو گروپە هەبێت. نازانم ئەوان چیان لە خێزانەکەم دەوێت چونکە هەرکەسێک لە کارەکانی خۆی بەرپرسە".

دەشڵێت: "ئەگەر من هێندە بەبەخت بم لەم جەنگە زیندووبمێنم، دەچمەوە ماڵەوە و هەر سزایەک کە هەیە وەریدەگرم".

لای خۆیەوە پۆلیس دەڵێت، باوکی دان بە تۆمەتی هاوکاری کردنی تیرۆر دەستگیر کراوە.