گرنگترین رووداوەکانی ساڵی 2019 لە هەرێمی کوردستان
چەندین رووداوی گرنگی بۆ کورد تێدا بوو
K24 – ههولێر:
ساڵی 2019 هەرێمی کوردستان بە چەندین رووداو و گۆڕانکاریی جیادا تێپەڕی کە هەندێکیان گرنگی زۆریان لەسەر ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتی هەبووە.
سەردانی پۆمپێیۆ
9/1
لە 9ی کانوونی یەکەم مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جیا کۆبووەوە و لەدوای کۆبوونەوەکانیش لە تویتێکدا پۆمپیۆ ئاشکرای کرد کە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان تاوتوێ کردووە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد
15/1
مەسرور بارزانی بەشداریی لە لوتکەی ئاسایشی میونشن کرد
15/2
رۆژی 15ی شوبات لوتکەی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا بە بەشداریی چەندین سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهانی بەڕێوەچوو و تیایدا مەسرور بارزانی بەشداریی کرد.
لە پەراوێزی دیدارەکە، مەسرور بارزانی لەگەڵ چەندین سەرکردەی وڵاتانی جیهانی کۆبووەوە.
رێککەوتنی پارتی گۆڕان
18/2
رۆژی 18ی شوبات پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێککەوتنێکی سیاسییان بۆ پێکهێاننی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد، هەردوولاش دووپاتیان لەسەر ئەنجامدانی چاکسازیی بنەڕەتی و پێشخستنی زیاتری ئەزموونی سیاسی هەرێمی کوردستان کردەوە.
رێککەوتنی پارتی و یەکێتی
4/3
لە رۆژی چواری مانگی ئازار پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان رێککەوتنێکی سیاسییان واژۆکرد، دواتر لە بەردەوامی گفتگۆکانیان رۆژی 5ی ئایار رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکرد و لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە و رێککەوتنی پارتی و گۆڕان کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بازرانی لەنێوان ئەو سێلایەنە پێکهێندرا.
پێشانگای کتێب هەولێر
2/4
رۆژی 2ی نیسان سەرۆک بارزانی پیشانگای نێودەوڵەتی کتێبی هەولێری کردەوە، لە پیشانگایەکەدا کە زیاتر لە 300 وەشانخانەی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی بەشداربوون. لە مەراسیمی کردنەوەدا، سەرۆک بازرانی وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیان، ئەگەر لە عێراق دەستوور جێبەجێکرابووایە، هەرگیز کێشە دروست نەدەبوو، داواشی کرد کە هەموو لایەنەکان پابەندی ئەو کەشوهەوا ئیجابییە بن کە هەیە، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن.
بەشداریی سەرۆک بارزانی لە کۆڕبەندی داڤۆس - دەریای مردوو
5/4
لەرۆژی 5ی نیسان سەرۆک بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندی جییهانی داڤۆس لە دەریای مردووی ئوردن کرد، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەل بەرپرسانی باڵای بەشداربوو ئەنجام دا، رۆژی 7ی نیسانیش لە دیوانی پاشایەتی ئوردن لەلایەن عەبدوڵای کوڕی حوسێن پادشای ئوردن پێشوازی لە سەرۆک بازرانی کرا، پێشتریش لە 27ی کانوونی دووەم سەرۆک بارزانی سەردانێکی دیکەی لەسەر داوەتی شای ئەو وڵاتە کردبوو.
سەردانی چاوشئۆغلۆ
29/4
رۆژی 29ی نیسان وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاویشئۆغلۆ سەردانی هەولێری کرد و لەگەل سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی دواین پێشهات و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا کرا.
سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم
10/6
نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی 10ی حوزەیران سوێندی یاسایی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان خوێند و لە مەراسیمەکەشدا نوێنەرانی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە و جیهان بەشدار بوون.
راسپاردنی مەسرور بارزانی
12/6
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 12ی حوزەیران مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد.
متمانەدان بە مەسرور بارزانی
10/7
رۆژی 10ی تەمووز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی کابینەی نۆیەم چوونە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و متمانەی پەرلەمانی کوردستانیان وەرگرت، لە گوتاری دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئەوان کاردەکەن بۆ پێکهێنانی کوردستانێکی بەهێزتر و کارنامەیەکی ئامادەکراوی بۆ کارکردنی چوار ساڵی ئایندە خستەڕوو.
سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا
16/7
رۆژی 16ی تەمووز مەسرور بارزانی سەرۆک حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وەزاری سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەووە، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، کە ئەوان دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەستوور سەرجەم کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا یەکلای بکەنەوە و ئەو سەردانەشیان بۆ دەربڕینی نیازپاکییە بۆ چارەسەری کێشەکان.
سەردانی شاندی هەدەپە
7/9
لە سەردانێکی چەند رۆژە، شاندێکی باڵای هەدەپە بە سەرۆکایەتی سەزایی تەمەلی هاوسەرۆکی ئەو حزبە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، وێڕای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت شاندەکە سەردانی حزب و لایەنەکانی باشووری کوردستانیان کرد و پەیوەندییە دوو قۆڵیەکانیان و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لەناوچەکە تەوەرەی گەرمی سەردانەکەی هەدەپە بوو، سزای تەمەلی وەک ئاماژەیەک بۆ سەردانەکەی بۆ لای سەرۆک بارزانی گوتی، ئەوان هاتوون رێنمایی لە سەرکردەیەکی کاریگەری کوردستانی وەربگرن.
لێدانی زەنگی خوێندن
21/9
رۆژی 21ی ئەیلوول مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەیەکێک لە قوتابخانەکانی شاری دهۆک یەکەمین زەنگی خوێندنی ساڵی نوێی لێدا و راشیگەیاند ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ خزمەتی مامۆستایان دەیکەن و راشیگەیاند، بەپێی کارنامەی حکوومەت بڕیار دراوە گرنگی زیاتر بە بواری خوێندن بدرێت
سەردانی لاڤرۆڤ
7/10
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ بەیاوەری شاندێکی باڵای ئەو وڵاتە رۆژی 7ی تشرینی دووەم سەردانی هەولێری کرد و لەگەل سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا کۆبووەوە و تەئکید لە بەرەپێشبردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە هەموو بوارەکان کرایەوە.
سەرۆک بارزانی: خوێنی کورد زۆر لە چەک و پارە بەهادارترە
9/10
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاراستەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکای کرد رایگەیاند: بەڕێز سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاگاداریی جەنابت:
گەلی کوردستان هەمیشە داوای مافە رەواکانی خۆی کردووە و بەرگریی لە خۆی کردووە. پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێکشکاند و کورد بەشێکی کاریگەر بوون لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر. خوێنی کورد زۆر لە چەک و پارە، بەهادارترە
سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر
18/10
رۆژی 18ی ئەیلول بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و عێراق تاوتوێکران.
سلێمانی و سنە.. دەستە خوشکی داهێنەر
31/10
لە رۆژی جیهانیی شارەکاندا کە ساڵانە لە 31ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت، رێکخراوی یونسکۆ 66 شاری جیهانی خستە ناو لیستی شارە داهێنەرەکانی جیهانەوە، سلێمانی وەکو شاری ئەدەب و سنەش وەک شاری میوزیک خرانە ناو لیستی شارە داهێنەرە جیهانییەکان و بەوبۆنەیەشەوە سەرۆکی حکوومەت پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی هەردوو شارەکە کرد.
هاتنی پەنابەران لە رۆژئاوای کوردستان
10/11
لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، دوای هێرشی سووپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی نزیک لە تورکیا بۆسەر هەردوو شاری سەرێ کانێ و گرێ سپی، شەپۆلێکی دیکەی پەنابەران روویان لە هەرێمی وکردستان کرد، رۆژی 11ی تشرینی دووەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی وکردستان سەردانی کەمپی بەردەڕەشی کرد، کە تایبەتە بە پەناخوازە نوێیەکان و رایگەیاند کە ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ خزمەتی ئاوارەکان دەیکەن و داواشی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی کۆمەکبەخش کرد کە هاوکاری زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن بۆ خزمەتی زیاتری ئاوارە و پەنابەرەکان.
سەردانی پێنس
23/11
رۆژی 23ی تشرینی دووەم مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە سەردانێکی رانەگەێندراو وگەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دووپاتی دۆستایەتی و پشتیوانی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان و کورد کردەوە.
سەردانی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا
28/11
رۆژی 28ی تشرینی دووەم سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان کرد.
گوتاری سەد رۆژە
7/12
رۆژی 7ی کانوونی یەکەم مەسرور بارزانی ئەنجامی کارکردنی کابینەی نۆیەمی لە ماوەی 100 رۆژ خستە ڕوو، دیارترین دەسکەوتەکان و بەرەوپێشچوونەوەکانی کابینەی نۆیەمی ئاشکراکرد، دووپاتیشیکردەوە کە کابینەکەی کاردەکات بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی هەمەلاینە.
سەردانی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا
17/12
وەزیری بەرگری ئیتاڵیا لۆرێنزۆ گوێرینی بە سەرۆکایەتی شاندێک هاتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
کۆنگرەی یەکێتی
21/12
رۆژی 21ی کانوونی یەکەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان چوارەمین کۆنگرەی خۆی گرێدا و سەرکردایەتیەکی نوێ و چەند ئۆرگانێکی نوێ لەئەنجامی کۆنگرەکە هاتنە ئاراوە.
کۆنگرەی یەکگرتوو
28/12
رۆژی 28ی کانوونی یەکەم، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە شاری هەولێر کۆنگرەی خۆی گرێدا و جارێکی دیکە سەڵاحەدین محمەد بەهادین بە ئەمینداری ئەو حزبە هەڵبژێردرایەوە.
H.J