ئەو کەسەی لە رانیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا گیانی لەدەستدا
پۆلیس: بەپێی راپۆرتەكە رێژەی سوتانی جەستەی 50% بوو
K24 - رانیە
پاش ئەوەی لە 19 ئەم مانگە ھاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای رانیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، شەوی رابردوو گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە روونكردنەوەیەكدا ئاشكرای كرد، دوای ئەوەی هاووڵاتی ( د،ص ) له 19/12/2019 لە شاری رانیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، شەوی رابردوو لەلایەن کەسوکاری ئاگادار کراینەوە کە ناوبراو گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی راپەڕین پوختەی رووداوەکەی خستووەتەڕوو نووسیویەتی: "پێشنیوەڕۆی رۆژی 19/12/2019، بریندارێکیان هێنایە نەخۆشخانەی گشتی رانیە بەناوی (د،ص) لەدایکبووی 1984 کە پیشەی کاسبە و دانیشتووی شاری رانیەیە کە شوێنەواری برینی سوتان بە جەستەیەوە هەبووە و دوای چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانەی گشتی رانیە ناوبراو بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی سوتاویەکە لە سلێمانی".
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: "بەگوێرەی راپۆرتی سەرەتایی پزیشکی رێژەی سوتاویەکەی لە 50% بووە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ناوبراو لە دەرەوەی بینای سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە نەوتی کردووە بە خۆیدا و مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە. بۆزانینی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکەش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".
ھ.م