هونەرمەند ئاسۆ عومەر سوارە کۆچی دوایی کرد

یەکێک بوو لە هونەرمەندە دیارەکان

K24 – هه‌ولێر:

ئاسۆ عومەر سوارە، ئەکتەر و پێشکەشکار و شانۆکاری دیاری شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

ئاسۆ عومەر لە چەندین فیلم و درامای ناوداریی هەرێمی کوردستان بەشداریی کردووە و رۆڵێکی بەرچاوی لە پێشخستنی بەرهەمە هونەرییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، ئێستا تەرمی ئەو هونەرمەندە لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلییە لە شاری سلێمانی.

هونەرمەند ئاسۆ لە ساڵی 1964 لە سلێمانی لە دایکبووە، باوکی مامۆستا بووە و دایکی ژنی ماڵەوە بووە، لە ساڵی 1946 بنەماڵەکەی لە شاری پێنجوێنەوە هاتوونەتە سلێمانی و لەو شارە ژیاوە. هەر لە منداڵیەوە لە رێگای قوتابخانەکەی، چووەتە ناو کارە هونەرییەکان و پەرەی بەو بوارە داوە. درامای گەردەلوول، دیارترین ئەو کارە هونەرییانەیە کە ئاسۆ عومەر رۆلێکی سەرەکی تێدا دەگێڕا.