لە پەلكانە 100 دۆنم زەوی دیكەی ھاووڵاتیانی كورد داگیر كرا

زەوی ھاووڵاتیانی كورد دەدرێت بە عەرەبە ھاوردەكان

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لە گوندی پەلكانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان 100 دۆنم زەوی ھاووڵاتیانی كورد داگیر كرا و دراوە بە عەرەبە ھاوردەكان.

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی پەلكانە كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ دەست بەسەر 100 دۆنم زەوی كوردانی پەلكانە داگیرا و درا بەو عەرەبانەی كە لەناوچەكانی دیكەی عێراق ھێنراونەتە ناوچەكە".

گوتیشی: "چەند رووپێوێك لەگەڵ عەرەبە ھاوردەكان بوون و سەربازیشیان لەگەڵ بوون، بە مەترپێو زەوییەكەیان دیاركرد".

ئەو ھاووڵاتییەی گوندی پەلكانە ئاماژەی بەوەشدا: "بەپێی ئەو زانیاریانەی بە ئێمە دراوە سبەی جارێكی دیكە ھێزەكانی عێراق و عەرەبە ھاوردەكان دێنەوە و دەست بەسەر 300 دۆنمی دیكەی ھاووڵاتیانی كورد دا دەگرن".

پێشتر فراكسیۆنە كوردستانییەكان كێشەی داگیركردنی زەوی و خانووبەرەی ھاووڵاتیانی كوردیان لە گوندی پەلكانە و كەركووك و دەوروبەری گەیاندووەتە عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەڵێنی چارەسەركردنیش بە پەرلەمانتارە كوردەكان دراوە.