دەرمانێک کە بە ئۆنڵاین ریکلامی بۆ دەکرێت دەبێتە هۆی دروستبوونی شێرپەنجە

پشکنینی خۆراک و دەرمانی هەرێم هۆشداریی دەدات

K24 – هه‌ولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی جۆری خۆراک و دەرمانی هەرێم ( KMCA ) بڵاوی دەکاتەوە، بەرهەمێکی ساختە بۆ دابەزاندنی کێش ئۆنڵاین ریکلامی بۆ دەکرێت و شێرپەنجە دروست دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی KMCA، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمێک بەناوی ئەدیۆس Adios بۆ دابەزاندنی کێشی لەش بانگەشەی سرووشتیبوونی بۆ دەکرێت، بەپێی ریکلامەکە بەرهەمەکە لەماوەی مانگێکدا ۱۰ - ۱٥ کیلۆ لە کێشی لەش دادەبەزێنێت.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە، ئەو بەرهەمانەی بۆ دابەزاندنی کێشی لەش ریکلامیان بۆ دەکرێت، بەدڵنیایی دەرمانی مەترسیدار و قەدەغەکراویان تێدایە، بۆ مەبەستی خێرا دابەزاندنی کێشی لەش، وەک;

۱- سیبوتڕامین_Sibutramine

۲-فینۆڵفتالین_Phenolphthaline

۳-دایئەتیلپڕۆپیۆن_Diathylpropion

٤-دایمەتیل ئەمیل ئەمین_DMAA

٥-فینفلۆڕامین و دێکسفینفلۆڕامین _Fenfluramine & Dexfenfluramine

دەرمانەکانی (فینفلۆڕامین و دێکسفینفلۆڕامین _Fenfluramine & Dexfenluramin) بەهۆی خراپی پڕۆفایلی سەلامەتییان کە دەبوونە هۆی تێکشکاندنی زمانەکانی دڵ (Heart valve damage) لە ساڵی ۱۹۹۰ لە بازاڕی دەرمان کشێندرانەوە.

ماددەی سیبوتڕامین دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و تێکدانی باری دەروونیی بەکارهێنەر، لە ساڵی ۲۰۱۰ ەوە قەدەغەکراوە.

ماددەی فینۆڵفتالین دەبێتەهۆی شێرپەنجە، لە ساڵی ۱۹۹۷ ەوە قەدەغەکراوە بۆ مرۆڤ بەکاربهێنرێت.

نموونەی ئەو بەرهەمانەی کە ماددەی مەترسیداریان تێدایە، وەک;

۱. باسچی_Baschi

۲. ئەیبی سلیم - AB- SLIM

۳. ئەدیۆس - Adios

داواش دەکرێت، هاونیشتیمانیان خۆیان لە کڕینی دەرمانی ساختە، قاچاخ و بێ ستیکەر بەدووربگرن، نەکەونە ژێر کاریگەریی ریکلام و بانگەشەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.

 H.J