مەسرور بارزانی: ئومێدەوارم لە ساڵی نوێ نەهامەتی و نائارامی لە ناوچەکە كۆتایی بێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی زاینی پەیامێكی بڵاوكردەوە

K24 - ھەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینی 2020، لە پەیامێكدا پیرۆزبایی ئاراستەی هاونیشتمانیانی کوردستان و عێراق و جیهان دەكات و رایدەگەیەنێت "ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵێکی پڕ خۆشی و ئاشتی و کۆتاییهاتن بێت بە نەهامەتی و نائارامی لە ناوچەکەدا".

لە پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھاتووە: "بەبۆنەی سەری ساڵی زاینییەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە هاونیشتمانیانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵێکی پڕ خۆشی و ئاشتی و کۆتاییهاتن بێت بە نەهامەتی و نائارامی لە ناوچەکەدا. هیوادارم لە ساڵی نوێدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هەموو لایەنە کوردستانییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بتوانێت کارنامەکەی بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات و خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانێکی ئابووری هەمەلایەنە بێتە ئاراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت خزمەتێکی شایستە پێشکەش بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بێگومان ئەمەش بەندە بە سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق و جێگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا".

مەسرور بارزانی، لە پەیامەكەیدا راشیگەیاند: "ھیوادارم بە پشتیوانی خوای مەزن و خەڵکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز، کوردستان لە ھەموو پێشھاتێکی ناخۆش و نەخوازراو پارێزراو بێت".