لە ساڵی 2019 چەندین پڕۆژە كەوتنە واری جێبەجێكردنەوە
نزیکەی 700 کۆمپانیا لە سلێمانی داوای مۆڵەتیان کردووە
K24 - سلێمانی
تەنھا لەماوەی ئەمساڵدا 700 کۆمپانیا لە بواری بازرگانی گشتی، لە سنووری پارێزگای سلێمانی دامەزراون، بەشێک لە ھۆکاری زیادکردنی کارگە و بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازیش، دەگەڕێتەوە بۆ رێكکەوتنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا، ھەروەھا پاڵپشتی حکومەتی ھەرێم بۆ بەرزکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ، کە راستەخۆ کاریگەریان لەسەر جوڵەی بازرگانی و پیشەسازی ھەبووە.
ساڵی 2019 بە ساڵی بووژاندنەوەی پڕۆژە ناوخۆییەکان دادەندرێت. بەجۆرێک تەنھا لە ماوەی دوو مانگدا چەندین کۆمپانیا داوای مۆڵەتی کارکردنیان کردووە و زۆربەی کۆمپانیاکەنیش تایبەتن بە خۆراک. حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانی ئاسانکاری بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەكات، کە مۆڵەت دەردەکەن یاخو دەیانەوێت بەرھەمەکانیان ھاوردەی بازاڕەکانی دەرەوە بکەن.
لە ھەرێـمی کوردستان لە 11 كەرتی وەک خۆراک، بیناسازی، کەلووپەلی ناوماڵ، مۆبیلیات و ماددە پاککەرەوەکان کارگەکان کاردەکەن، لەگەڵ ئەوەی کارگەکان لە بەرھەمھێنانی کەرەستەی بیناسازی گەیشتوونەتە ئاستی پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ، بەڵام لە كەرتەكانی خۆراک و جلوبەرگ و چەند كەرتێكی دیکە کوردستان پشت بە کاڵای ھاوردەکراو دەبەستێت.
لە ھەرێمی کوردستان 5 ھەزار و 300 کارگە دروستکراون، لەو ژمارەیە 83% کارگەی بچووک، 10% کارگەی مامناوەند و 7% یشیان کارگەی گەورەن، بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامانجییەتی گرنگی زیاتر بە بەرھەمی ناوخۆ بدات و لەو رێگەیەوە ژێرخانی ئابووری كوردستان بەھێزتر بكات.
ھ.م