توركیا بۆ شەڕ ئامادەیە
وەزیری بەرگری توركیا: لە ئیدلب ناكشێینەوە
K24 - ھەولێر
توركیا رایدەگەیەنێت، بۆ ئەگەری ھەر شەڕێك ئامادەن و نیازی كشانەوەیان لە ئیدلب نییە.
خوڵوس ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند، حكوومەتی سووریا رێككەوتنی ئاگربەست لە ئیدلب پێشێل دەكات و داوای لە رووسیا كرد، دەسەڵاتی خۆی بەكاربھێنێت، بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای سووریا.
لەبارەی ئەگەری دروستبوونی پێكدادان لەنێوان سوپای توركیا و سووریا، ئاكار رایگەیاند، نیازی كشانەوەیان لە ئیدلب نییە و بۆ ھەر ئەگەرێك ئامادەن.
لەلایەكی دیكە و پەیوەست بە دۆخی ئیدلب بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا، رایگەیاند، ئامانجیان لە شەڕی ئیدلب، كۆتایی ھێنانە بەو تیرۆرەی كە ھەڕەشەیە لەسەر سووریا.
جەختی كردەوە، ئۆپەراسیۆنەكەیان بەردەوام دەبێت و كاری لەپێشینەیان پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەیانە.
لای خۆیەوە روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، لە ھەردوو مانگی كۆتایی ساڵی 2019 لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەكانی رووسیا بۆ سەر ئیدلب، 11 نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستی لەكاركەوتوون.
ھ.م