نرخی نەوت دابەزینی تۆمارکرد
نرخی نەوت بە رەنگی سوور کۆتایی بە مامەڵەکانی 2019 هێنا
K24 - ھەولێر
نرخی نەوت بە رەنگی سوور کۆتایی بە مامەڵەکانی ساڵی 2019 هێنا، و بە رێژەی 1% دابەزی، بەڵام بەرزترین ئاستی بەرزبوونەوەی ساڵانەی لە سێ ساڵی رابردووی دا تۆمارکرد، کە هۆکارەکەی گەشبینییەکانە بە رێککەوتنی بازرگانی کە ساڵانێکە بەهۆیەوە خواستی لەسەر نەوت کەمکردووەتەوە.
نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 23% و نەوتی سووکی تێکساسیش بە رێژەی 34% لە 2019 بەرزبووەوە، کە ئەوەش بەرزترین ئاستی بەرزبوونەوەیە لە سێ ساڵی رابردوودا، کە کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن رێکخراوی ئۆپێکەوە پاڵپشتی لەو بەرزبوونەوە کرد.
نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 1% و 67 سەنت بۆ 66 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، و نەوتی سووکی تێکساسیش بە رێژەی 1% بۆ ئاستی 61.06 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزین.
هاوکات بەهۆی بۆنەکانی سەری ساڵ و ئاهەنگەکان قەبارەی مامەڵەکردن زۆر کەم بوو، بەو هۆیەشەوە جووڵەی بازاڕی سست کردبووەوە.
بە گوێرەی رووپێویەکی ئاژانسی رۆیتەرز، شرۆڤەکاران پێشبینی ناکەن لەمساڵدا نرخی نەوت جووڵەی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، و خەمڵاندنەکان بۆ ئەوەن نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ئاستی 63 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جووڵە دەکات.
ھ.م