عامری بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان: له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدا بن

ئیدانه‌ی كرد

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، هادی عامری له‌ باره‌ی كوژرانی هه‌ریه‌ك له‌ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: به‌و په‌ڕی خه‌مبارییه‌وه‌ پرسه‌ی موجاهیدی گه‌وره‌ ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یه‌ك له‌ موجاهیدانی حه‌شد به‌ ده‌ستی كورت و سته‌مكاری دوژمنكارانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا راده‌گه‌یه‌نین، كه‌ له‌ كاتی پێشوازیكردنی له‌ سه‌ركرده‌ی گه‌وره‌ حاجی قاسم سوله‌یمانی شه‌هید بوون.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئه‌و كرده‌وه‌ تاوانكارییه‌ قێزه‌ونه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئیدانه‌ ده‌كه‌ین. دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ ته‌نیا ئیراده‌ و وره‌ و خۆڕاگریمان و سووربوونمان له‌سه‌ر رێگه‌ی جیهاد و قوربانیدان زیاتر ده‌كات.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئه‌مڕۆ داوا له‌ هه‌موو هێزه‌ نیشتمانییه‌كان ده‌كه‌ین ریزی خۆیان رێكبخه‌ن بۆ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان كه‌ بوونیان بووه‌ته‌ مایه‌ی بارگرانییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر عێراق. مانه‌وه‌یان به‌ مانای خوێنڕشتنی زیاتری عێراقییه‌كان دێت. پێش دوو رۆژ ده‌ستیان سووركرد به‌ خوێنی (90) گه‌نجمان كه‌ له‌ سنووره‌كان سه‌رقاڵی ئێشكگری بوون بۆ پاراستنی سنووره‌كانی عێراق و پاراستنی پیرۆزییه‌كانمان، ئه‌مڕۆش ده‌ستیان سووركردووه‌ به‌ خوێنی دوو گه‌وره‌ موجاهید و سه‌ركرده‌مان.

هادی عامری داواشی له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و حه‌شد كردووه‌، له‌و په‌ڕی ئاماده‌باشیدا بن بۆ پاراستنی عێراق له‌ خراپه‌كاران.

هه‌روه‌ها داوای له‌ نوێنه‌ران كردووه‌ ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك به‌ مه‌به‌ستی ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق.