ئێرانییه‌كان به "مه‌رگ بۆ ئه‌مه‌ریكا" توڕه‌یی خۆیان ده‌رده‌بڕن
له شوێنی له دایكبوونی سوله‌یمانی و چه‌ندین ناوچه‌ی ئێران لایه‌نگرانی ده‌وڵه‌ت گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا
K24 - هه‌ولێر:
بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی كوشتنی فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدران، له ئێران به فراوانی داوای خۆپیشاندان ده‌كرێت و لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیش له چه‌ند شار و ناوچه‌یه‌ك گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا و به درووشمی "مه‌رگ بۆ ئه‌مه‌ریكا" توڕه‌یی خۆیان به‌رامبه‌ر كوشتنی قاسم سوله‌یمانی ده‌ربڕی.
خه‌ڵكی شاری كرمان كه شوێنی له دایكبوونی قاسم سوله‌یمانییه، گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا و سه‌ركۆنه‌ی كوشتنی فه‌رمانده‌كه‌ی فه‌یله‌قی قودسیان كرد.
هه‌ندێك له خۆپیشانده‌ران درووشمی ئاینییان ده‌گوته‌وه و په‌ڕۆی ره‌شیان بۆ ده‌ربڕینی خه‌م و ماته‌مینی له ده‌ستدانی فه‌رمانده ناوداره‌كه‌یان هه‌ڵگرتبوو، هه‌ندێكیش له سینگی خۆیان ده‌دا و شیوه‌نیان بۆ سوله‌یمانی ده‌گێڕا.
ژنانیش له‌ناو خۆپیشانده‌ران بینران و له تارانی پایته‌ختی ئێرانیش خۆپیشاندانی فراوان رێكخرا.
سه‌ركرده‌كانی ئێرانیش له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌وه به شێوه‌ی جیاجیا توڕه‌یی خۆیان ده‌ربڕی و له لێدوانه‌كانیاندا هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌نده‌نه‌وه‌ی كوژرانی سوله‌یمانیان كرد، تا ئه‌وه‌ی نوێنه‌رێكی خامنه‌یی گووتی: "كارێك به ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كه‌ین، خه‌ویان لێ حه‌رام بێت".
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "زۆر به‌توندی وه‌ڵامی ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ده‌ینه‌وه"، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێیانوایه به كوشتنی سوله‌یمانی به‌ریان به پلانی ئێران گرتووه به‌رامبه‌ر به كوشتنی سه‌رباز و هێرشكردنه سه‌ر هێز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له عێراق و ناوچه‌كه‌دا.