سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ دۆخی عێراق راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

نابێ عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ باره‌ی ره‌وشی عێراق و ناوچه‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، نابێ عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان. 

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كات له‌م دۆخه‌ هه‌ستیار و مه‌ترسیداره‌دا دان به‌خۆیاندا بگرن و رێگه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌ مه‌ترسیداره‌كان بگیرێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

"ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و قائیم و بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزبوونی زياترى بارودۆخی عێراق و كردار و پەرچەكرداری چەندبارەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەر لەو سۆنگەیەوە ئەو هەنگاوانه‌ ڕه‌تده‌كه‌ينه‌وه‌ كە لەسەر خاكی عێراق تەسفیەی حیساباتی وڵاتان بكرێت و سەروەریی عێراق پێشێل بكرێ كە لە ئاكامدا سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی ده‌سته‌ى حەشدی شەعبی و هاوڕێكانیان بوونە قوربانی كە هەردووكیان ڕۆڵى به‌رچاویان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەبوو.

نابێ عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان. داوا دەكەین كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و ڕێز له‌ عێراق و سه‌روه‌رييه‌كه‌ى بگيرێت. بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزی و كردار و پەرچەكردارانە، عێراق و ناوچەكە بەرەو هەڵدێر و ئاییندەیەكی نادیار دەبات و دەبێتە هۆی زیندووكردنەوە و بەهێزكردنی هێزە توندڕەو و تیرۆریستەكانی وەك داعش.

لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیار و مەترسیداره‌دا، داوا لە هەموو لایەك دەكەین ئەوپەڕی دانبەخۆیاندا بگرن و ڕێگە لە په‌ره‌سه‌ندنه‌ مەترسیدارەكان بگيرێت.

سەرۆكايه‌تيى هەرێمی كوردستان

3/1/2020"