ترەمپ ھەڕەشەی وەشاندنی گورزی كوشندە لە ئێران دەکات

"ئێران هەر هێرشێک بکات پەشیمانی دەکەینەوە"

K24 - ھەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ھەڕەشەی ھێرش کردنەسەر 52 بنکە و ناوەندی گرنگی ئێران دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا لە چەند تویتێکدا رایگەیاند: "ئێران زۆر بەخراپی و خوێناوی باس لە بە ئامانجکردنی پێگەکانمان دەکات، چونکە ئێمە جیهانمان لە کۆڵ سەرکردە تیرۆریستیەکەی ئەوان کردەوە، کە چەندان ئەمەریکی و خەڵکی تری بەکوشتداوە".

 ترەمپ دەڵێت: "52 ئامانجی ئێرانیمان دەستنیشانکردووە (وەک ئەو پەنجاو دوو بارمتە ئەمەریکییەی چەندین ساڵە لە ئێران دەستبەسەرکراون)، ئەم ئامانجانەش شوێنی زۆرگرنگ و هەستیار و کولتووریی ئێرانیش دەگرێتەوە، بۆیە ئەگەر ئێران هەر هێرشێک بکات پەشیمانی دەکەینەوە و ئەمەش هۆشدارییەکی ئاشکرای ئێمەیە".

سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت: "ئێران ئازایانە باس لە بەئامانجگرتنی بنکە ئەمەریکییەکان دەکات وەک تۆڵە بۆ لە کۆڵکردنەوەی سەرکردە تیرۆستەکە کە هاووڵاتیەکی ئەمەریکی کوشت، هەندێکی تری خراپ بریندار کردوون، بێجگە لەو هەموو خەڵکەی بە درێژایی ژیانی کوشتوویەتی، لەنێوانیان سەدان خۆپێشاندەری ئێرانی. ئەو دەستی بە هێرشکردن کردبوو بۆ سەر باڵوێزخانەکەمان، ئامادەکاریشی دەکرد بۆ هێرشی زیاتر لە شوێنی تر. ئێران بێجگە لە کێشە هیچی تر نەبووە بە درێژایی چەندین ساڵ. با ئەمە هۆشداریی بێت کە ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ھەر بنکەیەک، ئێمە 52 شوێنی ئێرانیمان دەستنیشان کردوون (کە نوێنەرایەتی 52 بەندکراوی ئەمەریکییە چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستگیری کردوون)، هەندێکیان لە ئاستی زۆر باڵا و گرنگن بۆ فەرهەنگی ئێران، ئەو ئامانجانە و ئێران خۆشی، زۆر بە توندی لێیان دەدرێت. ئەمەریکا هیچ هەڕەشەیەکی زیاتری ناوێت".