كەسی یەكەمی یەكێتی دیار دەكرێت

ھەڵبژاردن بۆ جێگر و بڕیاردەری ئەنجوومەن دەکرێت

K24 - ھەولێر     

بڕیاره‌ لە چەند رۆژی داھاتوودا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی ئەنجام بدات. ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە ئاشكرای دەكات، لە یەکەم کۆبوونەوە ھەڵبژاردن بۆ سکرتێر و جێگر و بڕیاردەری ئەنجوومەن دەکرێت و دوای 15 رۆژیش ھەمان ئەنجوومەن کەسی یەکەمی یەکێتی ھەڵدەبژێرێت.

لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی دوای کۆنگرەی چوارەم، سکرتێر و جێگر و بڕیاردەری ئەنجوومەنەکە ھەڵدەبژێردرێن، 121 کەسی ھەڵبژێردراو لە کۆبوونەوەکە بەشدار دەبن و بە تەمەنترینیان سەرپەرشتی دەکات، ھەر ھەڵبژاردنێک لەناو ئەنجوومەنەکە ئەنجامبدرێت، بە شێوازی نھێنی دەبێت.

دوای 15 رۆژ لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی، یەکێتی سکرتێر و جێگرەکانی لەناو ئەنجوومەنەکە و بە دەنگدان ھەڵدەبژێرێت، پێش ئەوەش پەیڕەوی حیزبەکە یەکلا دەکرێتەوە و ئەو پەیڕەوە بڕیار لە دەسەڵاتی سەرۆک و سەرۆکی مەکتەبەکانی ئەو حیزبە دەدات.

كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە 21/12/2019 دەستی بەكارەكانی كرد، لە رۆژی یەكەمی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی ھەڵبژێردرا و رۆژی دواتریش پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا. لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی 121 کەس وەکو ئەندامی سەرکردایەتی گشتی ئەو حیزبە ھەڵبژێردران، وەک خۆیان دەڵێن ئەو ئەنجوومەنە پەرلەمانی حزبە، دەسەڵاتی لێپیچنەوەی لە سەرجەم بەرپرس و دامەزراوەکانی ئەو حیزبە ھەیە.

ھ.م