ماكرۆن و مێركڵ و جۆنسن داوایه‌ك له ئێران ده‌كه‌ن
مه‌ترسییه‌كان ده‌خه‌نه روو
K24 - هه‌ولێر:
به‌رلین و پاریس و له‌نده‌ن داوایه‌ك ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران ده‌كه‌ن، ده‌ست له‌و رێوشوێنانه هه‌ڵگرن كه دژی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ساڵی 2015 یه. هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن په‌رچه‌كرداری توند نه‌نوێنن به‌هۆی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران كه رۆژی 3/1/2020 له‌گه‌ڵ ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ 10 كه‌سی دیكه كوژران.
ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه 5/1/2020 ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا و ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و بۆریس جۆنسن، دوای ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی له‌نێوان خۆیاندا، له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه و داوایان له ئێران كردووه له‌و رێوشوێنه نوێیانه بكشێته‌وه كه له‌گه‌ڵ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ناگونجێن".
داواكاریی ئه‌و سێ سه‌ركرده ئه‌وروپییه پاش ئه‌وه‌بوو كه تاران رایگه‌یاند: "له‌چوارچێوه‌ی هه‌نگاوی پێنجه‌م و كۆتاییدا خۆی له هه‌موو ئه‌و كۆتوبه‌ندانه رزگار ده‌كات كه به‌گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌كه‌ی پێشتر ئه‌مه‌ریكا لێی كشایه‌وه بۆی دانرابوو و پابه‌ندبوونی خۆی به كوتوبهنده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه.
هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌ی مێركڵ و ماكرۆن و جۆنسن دا تیشك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی به‌هۆی كوژرانی فهرماندارهكهی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدرانه‌وه درووست بووه و داوایان له ئێران كردووه، كرده‌ی توندوتیژیی نوێ ئه‌نجام نه‌دات و پاڵپشتیی كرده‌ی توندوتیژیش نه‌كات. به‌لایانه‌وه گرنگه له‌م كاته‌دا گرژییه‌كان كه‌مبكرێته‌وه و داوایان له هه‌موو لایه‌نه‌كان كردووه هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ن و دان به‌خۆیاندا بگرن".
ئه‌و سێ سه‌ركرده ئه‌وروپییه داوایان له لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان كردووه، پرۆسه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش خاونهكهنهوه و نه‌یخه‌نه مه‌ترسییه‌وه. ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه‌هات كه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای كۆتاییهێنانی بوونی هێزه بیانییه‌كانی كرد له عێراق و حكوومه‌تی عێراقی راسپارد داواكاریی هاوكاریكردنی كه بۆ شه‌ڕی داعش پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كردبوو هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.