عەدنان موفتی: كوژرانی قاسم سولەیمانی عێراقی رووبەڕووی دۆخێكی مەترسیدار كردووەتەوە
شاندێكی یەكێتی لە ھەولێر بەشداری پرسەی قاسم سولەیمانی دەكات
K24 - ھەولێر
عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی رایدەگەیەنێت، كوژرانی قاسم سولەیمانی عێراقی رووبەڕووی دۆخێكی مەترسیدار كردووەتەوە. ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، پێویستە لەسەر رووداوەكانی ئەم دوایە كورد یەكڕیز و یەك ھەڵوێست بێت.
عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كاتی بەشداریكردنی لە پرسەی قاسم سولەیمانی لە كونسوڵخانەی ئێران لە ھەولێر رایگەیاند: "بەشداری خەمی كەسوكاری قاسم سولەیمانی و كۆماری ئیسلامی ئێرانین، لە رۆژی كوژرانی ئەو عێراق رووبەڕووی دۆخێكی مەترسیدار بووەتەوە، پێویستە ھەموو لایەك بە ھەستكردن بە بەرپرسیاریەت دۆخەكە چارەسەر بكەن، بۆ ئەوەی گەلانی عێراق و ناوچەكە تووشی شەڕ و پێكدادان نەبن".
گوتیشی: "ئومێد دەكەین راوێژ و گفتوگۆ وەك بنەمایەكی سیاسەت بۆ چارەسەر ھەبێت".
عەدنان موفتی، ئەوەشی خستەڕوو: "یەكڕیزی و یەكگرتووی كورد ئێستا لە ھەموو كات پێویستترە و پێویستە یەك بۆچوونمان لەسەر روودەكان ھەبێت، ئەوە بكەین كە لە بەرژەوەندی گەلەكەمان دایە".
ھ.م