واشنتن پۆست "ئه‌ندازیاری كوشتنی سوله‌یمانی" ئاشكرا ده‌كات
هۆكاره‌كانی قایل بوونی تره‌مپ روونده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی، له راپۆرتێكدا تیشكی خستووه‌ته سه‌ر رۆڵی مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له بڕیاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و یاوه‌رانیان.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 6/1/2020 بڵاوكراوه‌ته‌وه و زانیارییه‌كانی له چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكییه‌وه ده‌ستكه‌وتووه كه نه‌یانویستووه ناویان بهێنرێت، بڕیاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی به‌هۆی جه‌ختكردن و سووربوونی مایك پۆمپێیۆة وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دراوه، چونكه تا ده‌ركردنی بڕیاره‌كه، وه‌زیری ده‌ره‌وه چه‌ندینجار په‌یوه‌ندی به دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سوله‌یمانی له عێراق بكوژن".
واشنتن پۆست له‌سه‌ر زاری ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییانه‌وه نوسیوویه‌تی: "مانگی ته‌مووزی رابردووش پۆ‌مپێیۆ زۆر ماندوو بوو به پرسی وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازیی له ئێران، به‌ڵام نه‌یتوانی سه‌رۆك تره‌مپ قایل بكات، چونكه ئه‌وكاته تره‌مپ له دوا ساتدا بڕیاری نه‌دا به‌هۆی خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكی له كه‌نداو هێرشی سه‌ربازیی بۆ سه‌ر ئێران ئه‌نجام بدات. به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی تیمی تایبه‌تی تره‌مپ و دوو دڵییه‌كانی تره‌مپ له وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له ئێران، ده‌رفه‌تێكی باشی بۆ پۆمێیۆ ره‌خاساندووه بۆ ئه‌وه‌ی سووربێت له‌سه‌ر پلانه‌كه‌ی كه بۆ كوشتنی سوله‌یمانی هه‌یبووه.
به‌رپرسێكی دیاری ئه‌مه‌ریكی به رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی گوتووه: "پۆ‌مپێیۆ مانگێ پێش كوشتنی سوله‌یمانی بۆ یه‌كه‌مجار له‌وباره‌یه‌وه قسه‌ی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ كردووه، به‌ڵام ئه‌وكاته سه‌رۆك و پێنتاگۆن ئاماده نه‌بوون ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازیی له‌و جۆره بده‌ن".
به‌ڵام دوای كوشتنی به‌ڵێنده‌ره ئه‌مه‌ریكییه‌كه له بنكه‌ی (كه‌ی وه‌ن) له كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێرانه‌وه له 27/12/2020، كه‌شوهه‌واكه گۆڕا و دوای دوو رۆژ پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه و مارك ئیسپه‌ر، وه‌زیری به‌رگری و مارك میلی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكا، پێكه‌وه چوون بۆ هاوینه‌هه‌واری مارالاگۆ له فلۆریدا بۆ ئه‌وه‌ی كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌و بژاردانه‌ی به‌رده‌ستن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كوشتنی به‌ڵێنده‌ره‌كه و هێرشه‌كانی سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌گه‌ری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی بخه‌نه به‌رده‌ستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
سه‌رچاوه‌ی رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه گوتوویه‌تی: "یه‌كێك له‌و هۆكاره سه‌ره‌كیانه‌ی تره‌مپی هانداوه كوشتنی سوله‌یمانی په‌سه‌ند بكات و لای هه‌ندێك له به‌رپرسانیش بووه به مایه‌ی شۆك، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ماهه‌نگی نێوان پۆمپێیو و ئیسپه‌ر و ئه‌و دووانه‌ش پێكه‌وه له ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا خوێندوویانه، پێكه‌وه‌ش ئه‌و پرسه‌یان له‌گه‌ڵ تره‌مپ باسكردووه. به‌گوته‌ی به‌رپرسه باڵاكه‌ی ئه‌مه‌ریكا، مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش پاڵپشتیی له‌و بژارده‌یه كردووه".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌دراوه، تره‌مپ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی راسپاردووه به‌رگریی له بڕیاری كوشتنی سوله‌یمانی بكات له میدیاكان و له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مه‌ریكا. چه‌ند دیپلۆماتكارێكی ئه‌وروپیش گوتوویانه، پۆ‌مپێیۆ پیشبینی ده‌كات هاوپه‌یمانه بیانییه‌كانی واشنتن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له بڕیاری كوشتنی سوله‌یمانی پرسیان پێنه‌كراوه، به‌ڵام دواجار پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپراسیۆنه ئاسمانییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌رده‌بڕن.
واشنتن پۆست له كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا نوسیوویه‌تی: "كوشتنی سوله‌یمانی ده‌بێته هۆی "سه‌ركه‌وتنێكی بیرۆكراسیانه) بۆ پۆ‌مپێیۆ. به‌ڵام ده‌رهاویشته‌ی خراپیش بۆ سه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه دێنێ، له‌وانه ئه‌گه‌ری كوشتنی دیپلۆماتكاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته گورزێك بۆ پێشبینییه سیاسییه‌كانی پۆ‌مپێیۆ له داهاتوودا. به‌تایبه‌تی كه خۆی چه‌ندینجار ره‌خنه‌ی له هیلاری كلینتن، وه‌زیری پێشووتری وڵاته‌كه‌ی گرتووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیووه ساڵی 2012 رێگه له كوشتنی كریستۆڤه‌ر ستیڤنز، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا بگرێت له كاتی هێرش كردنه‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له شاری به‌نغازی لیبیا.