زەریف: ترەمپ گەمژەیە
"ترەمپ و پۆمپێیۆ لە ھاوكێشەكان تێناگەن"
K24 - ھەولێر
وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆك و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە گەمژە ناو دەبات و رایدەگەیەنێت، لێكدانەوەو تێگەیشتنی ھەڵەی ئەمەریكا لە ئێران و ناوچە وایكردووە، كە ناوچە تووشی قەیران و كێشەیەكی مەترسیدار ببێت.
زەریف ھێرش دەكاتە سەر سەرۆك و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و بە تێنەگەیشتوو و گەمژە ناویان دەبات.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "جێگەی سەرسووڕمان نییە كە سەرۆك كۆماری گەمژەی ئەمەریكا و وەزیری دەرەوەی گەمژەتر، بەو ھەڵە ستراتیژییە گەورەترین سەركردەی شەڕی دژی تووندڕەویان تیرۆر كرد، بەڵام ئەمجارە قومارێكی گەورەیان كرد و دەبێ ئەوە بزانن كە تۆڵەیان دەكرێتەوەو راستییەكان سەردەكەون".
زەریف، گوتیشی: "گەورەترین كێشەی ناوچەی ئێمە لێكدانەوەی ھەڵەیە كە كاریگەری لەسەر ھاوكێشەكان داناوە، بەردەوام گوتوومە كە لێكدانەوەی ھەڵەی ئەمەریكا بۆ ناوچە گەورەترین قەیران و كێشەی ناوچەكەی ئێمەیە. رژێمی ئەمەریكا بۆ چەندینجار دەریخست كە بە تێگەیشتن و لێكدانەوەی ھەڵە دەتوانێ چ ھەنگاوێكی مەترسیدار بۆ ناوچەو جیھان و بێگومان وڵاتی خۆشی ھەڵبھێنێت".
ھ.م