شه‌مخانی: 13 سیناریۆمان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌رده‌سته
بچووكترینیان مۆته‌كه‌یه‌كی مێژووییه بۆ ئه‌مه‌ریكا
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌لی شه‌مخانی رایگه‌یاند، تاران (13) سیناریۆی له‌به‌رده‌سته بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له كوژرانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی.
رۆژی هه‌ینی (3ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2020) له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، هه‌ریه‌ك له فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی و جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس كرانه ئامانج و كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و رووداوه به‌رده‌وامه و لایه‌نه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌كه‌ن.
شه‌مخانی گوتیشی: بچووكترین سیناریۆی وه‌ڵامدانه‌وه‌مان ده‌بێته مۆتهیهكی مێژوویی بۆ ئه‌مه‌ریكا.
هه‌روه‌ها گوتی: ته‌نیا یه‌ك گورز له ئه‌مه‌ریكا ناوه‌شێنین. ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت به‌رپرسیارێتی سه‌رجه‌م كاردانه‌وه‌كانی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی له ئه‌ستۆ بگرێت.
ئاشكراشیكرد، ئێران هه‌موو جووڵه‌یه‌كی سه‌ربازگه‌كانی ئه‌مه‌ریكای خستووه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه و ده‌زانین ئه‌وان له‌و په‌ڕی ئاماده‌باشیدان.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌مه‌ریكا ده‌زانێت، كه ئێمه ده‌توانین كه‌شتییه‌كانیان له ناوچه‌كه بكه‌ینه ئامانجی مووشه‌كه مامناوه‌ند و دوور مهوداكانمان.