مەسرور بارزانی و مایک پۆمپێیۆ رووداوەكانی عێراق تاوتوێ دەكەن
مەسرور بارزانی چەند پێشنیازێک بۆ ھێوركردنەوەی گرژییەكان دەخاتە بەردەم وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا
K24 - ھەولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا رەوشی عێراق و ناوچەكەیان تاوتوێ كرد و مەسرور بارزانی چەند پێشنیازێک بۆ ھێوركردنەوەی گرژییەكان دەخاتە بەردەم وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/1/8 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایک پەمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ، گفتوگۆیان دەربارەی دوا پێشهاتەکانی عێراق کرد. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای هێورکردنەوەی بارودۆخەکەی کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێكدا لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەكرد، چەند پێشنیازێکی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە خستووەتە بەردەم مایک پۆمپێیۆ.
پێشتر و لە رۆژی ھەینی 3/1/2020، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە پێویستی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە کردبووەوە.
ھ.م