فڕۆکەیەک بە 180 سەرنشینەوە لە تاران کەوتەخوارەوە
"لە فڕۆکەخانەی (ئیمام خومەینی) فڕیوە"
K24 - ھەولێر
فڕۆكەیەكی ئۆكراینیا بە 180 سەرنشینەوە لە تارانی پایتەختی ئێران کەوتەخوارەوە و گوتەبێژی فریاگوزاری ئێران رایگەیاند، 10 ئەمبۆڵانس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکراینیا بە 180 سەرنشینەوە کەوتووەتە خوارەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737 سەر بە هێڵی ئاسمانی ئۆکراینیا پاش بەرزبوونەوەی لە فڕۆکەخانەی (ئیمام خومەینی) بەهۆی کێشەی تەکنیكییەوە کەوتووەتەخوارەوە.
ئاماژە بەوەكراوە، فڕۆکەکە بەرەو کیف پایتەختی ئۆکراینیا بەڕێکەوتووە و 180 سەرنشینی هەبووە.
بەگوتەی موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی فریاگوزاری ئێران، 10 ئەمبۆڵانس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
ھ.م