سەرۆک وەزیران: هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێورکردنەوەی دۆخی عێراق و ناوچەکەیە

راگەیەندراوێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/1/8 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا پرسەکانی رەوشی ئێستای ناوچەکە، کۆبوونەوەی حکوومەت و لیژنەی دارایی و پرۆژەیاسای چاکسازیی باسیان لێوەکرا.

لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا ، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە . سەرۆک وەزیران رایگەیاند ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ گرژی و ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی عێراق و ناوچەکە نین، چونکە زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی زیاتر و چالاکیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەرەخسێنێ بە تایبەتی داعش،  هەرێمی کوردستانيش بە هاوکاری هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێورکردنەوەی دۆخی عێراق و ناوچەکەیە . گوتیشی هیواداراین هەموو لایەنەکان رێز لە رۆڵی هاوسەنگانەی هەرێمی کوردستان بگرن .

سەرۆک وەزیران هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی مافە دەستووریی و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان و چەند پێشنیارێکی تایبەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر لە هەرێمی کوردستان کرد ، کە پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا.

ئەنجومەنی وەزیران دوای راوێژ لە گەڵ  لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان ، دوو بڕگەی نوێی بۆ پڕۆژە یاساکە پەسەند کرد کە تایبەت بوون بە پاراستنی گشت شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە ئەژمێرێک کە وەزارەتی دارایی وئابووری بە رێنماییەک رێکیدەخات . بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە ئەولەویەتدانی حکومەت بە پێداچوونەوە بە کەمترین مووچەی خانەنشینی، لە دەرئەنجامی ئەو بڕە پارەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت بگەڕێتەوە لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پاش تەشریعکردنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان.