سەرۆك بارزانی: نەمانی هێزی هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی تیرۆر
سەرۆک بارزانی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك کۆبوونەوە
K24 – ههولێر:
سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەیڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیف فەیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و چەند راوێژكارێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا دوایین پێشهاتەكانی عێراق و گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە تاوتوێ كرا. یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی پابەندە بە عێراق و هەرێمی كوردستان و خوازیاری ئەوەیە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بكەوێتە سەر ڕێگەیەكی دروست و سەقامگیری بگەڕێتەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر ڕۆڵی گرنگی هاوپەیمانان لە یەكلاییكردنەوەی شەڕی تیرۆر و هۆشداریی ئەوەیشی دا كە نەمانی هێزی هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا دەبێتە هۆی ئەوەی كە جارێكی تر تیرۆر لەژێر ناوی جۆراوجۆر بەهێز ببێتەوە.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و هەنگاو و ڕێگەچارەكان بۆ چاككردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەجێگەیاندنی داواكارییەكانی خۆپێشاندەرانی پارێزگاكانی ناوەند و باشووری عێراق تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

H.J