هێلیکۆپتەرەکانی ئوستراڵیا 10 هەزار حوشتر دەکوژن

بەهۆکارێک ئوستراڵیا حوشترەکان دەکوژێت

K24 – هه‌ولێر:

حکوومەتی ئوستراڵیا بڕیاریداوە، لە رێگای هێلیکۆپتەرەکانی، تەقە لە هەزاران حوشتر بکات و بیانکوژێت.

ماریتا باکەر، دانیشتوویەکی ناوچەی کانیپی لە باشووری ئوستراڵیا بە ئاژانسی بی بی سی گوتووە: "حوشترەکان بەهۆی کەمی ئاو، دێنە نزیک ماڵەکان و بە دوای ئاودا دەگەڕێن، ئەمەش ئێمەی نیگەران کردووە و لە سەلامەتی منداڵەکانمان دەترسین".

کوشتنی ئەو هەزاران حوشترە پەیوەندی بەو ئاگرکەوتنەوەکەی ئوستراڵیا نییە، بەڵکو بۆ ئەو وشکە ساڵییە دەگەڕێتەوە کە ساڵانێکە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە. بەرپرسان دەڵێن، حوشترەکان ئاوێکی زۆر دەخۆنەوە و دۆخەکەیان خراپتر کردووە.

حوشترەکان ئاژەڵێکی سرووشتی ئوستراڵیا نین، بەڵکو لە سەدەی 19 لە لایەن بەریتانییەکان لە هیند، ئەفغانستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هێنراون بۆ ئوستراڵیا.

جیا لەوەی ئاوێکی زۆر دەخۆنەوە، زیانیان بە پەرژین و کشتوکاڵی ناوچەکە گەیاندووە. هەروەها، حوشتر گازی میسان دەردەدات کە بۆ گۆڕینی کەش و هەوا زیانی هەیە.

ساڵانێکە وشکە ساڵی ئوستراڵیای گرتووەتەوە و یەکێکیشە لە هۆکارەکانی ئەو ئاگرەی دارستانەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە کە بەهۆیەوە زیاد لە 500 ملیۆن ئاژەڵ سووتاون و 25 کەسیش گیانی لەدەستداوە.

ژمارەی حوشترەکان لە ئوستراڵیا سەدان هەزارن، بڕیاری کوشتنیان کە ئێستا چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، رێکخراوەکانی ئاژەڵپارێزانی نیگەران کردووە.