رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی: ئێران چه‌كی دژه مانگه ده‌ستكردی هه‌یه
هه‌واڵگری سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا به‌دووری نازانێت ئێران توانای كوێركردنی مانگه ده‌ستكرده‌كانی هه‌بێت
K24- هه‌ولێر:
ده‌روازه‌ی ئه‌لیكترۆنی "c4isrnet"ـی ئه‌مه‌ریكی له ده‌رگای ئه‌و پرسیاره ده‌دات، كه ئه‌گه‌ر ئێران چه‌كێكی هه‌بێت كه ببێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر مانگه ده‌ستكرده‌كان چی ده‌بێت!!
ده‌روازه‌كه له زاری سه‌نته‌ری ئه‌مه‌ریكی بۆ تویژینه‌وه ستراتیژی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گواستییه‌وه، به‌رنامه‌ی بۆشاییگه‌ری ئێران له جۆری "ستار"ـه و ده‌كرێت له رێگه‌یه‌وه به‌رنامه‌ی مووشه‌كه بالیستییه‌كانی به‌ره‌وپێش ببات.
له‌مباره‌شه‌وه كایتلین جۆنسون، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی ئاسایشی بۆشاییگه‌ری ده‌ڵێت: هیچ زانیارییه‌ك پشتڕاستی ناكاته‌وه كه ئێران چه‌كێكی له‌م جۆره تاقی بكاته‌وه و ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئێران ته‌نیا هه‌وڵ ده‌دات توانا فه‌له‌كییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بێده‌نگ بكات، نه‌ك مانگه ده‌ستكرده‌كان له‌ناو ببات.
مه‌به‌ستیش له‌م قسانه‌ی جۆنسون، "به‌ره‌وپێشبردنی ته‌كنۆلۆژیای بێده‌نگكردن و هاككردنه، چونكه به كه‌مترین تێچوون و ساده‌ترین دیزاین ده‌كرێت".
وه‌ك پێگه ئه‌مه‌ریكییه‌كه ئاماژه‌ی پێداوه، "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه‌ریكا زۆر له گه‌شه‌كردنی توانا ئێرانییه‌كان بۆ كپكردنی "جی پی ئێس"ـی بۆشاییگه‌ری وڵاته‌كه‌ی نیگه‌رانه".
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكیش كه هه‌واڵگری سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا پێشكه‌شی كردووه، تاران توانایه‌كی به‌رزی هه‌یه له بێده‌نگكردنی "جی پی ئێس"، بۆ زانینیش له ساڵی 2011 ئێران رایگه‌یاند، كه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی "RQ-170"ی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكی له ئاسمانه‌كه‌ی، ژاوه‌ژاو و ته‌كنۆلۆژیای ئاڵۆگۆڕی به‌كارهێناوه.
وێڕای ئه‌مه‌ش راپۆرته‌كه‌ی هه‌واڵگری سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا به‌دووریشی نازانێت، كه تاران سیستمێكی هه‌بێت، له رێگه‌ی به‌كارهێنانی لێزه‌ره‌وه توانای كوێركردنی مانگه ده‌ستكرده‌كانی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له سیخوڕیكردنی ئه‌مه‌ریكا بۆ وێنه‌گرتنی خاكی ئێران بكات.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، زۆربه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و مووشه‌كی بالیستی بووه و بۆ یه‌كه‌م جاره باس له خاوه‌ندارێتی ئێران بۆ ئه‌و جۆره چه‌كه نوێیه ده‌كرێت.
سه‌رچاوه: روسیسكایا گازیتا
H.B