مهسرور بارزانی سهرهخۆشی له بنهماڵهی قهشهی كۆیه و ههرمۆته دهكات
هاوخهمی خۆی بۆ ئەساقیفەی کلدانی و بنەماڵەی قەشە (دنحا تۆما یوسف) راگهیاند
K24- ههولێر:
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پرسەنامەیەکی ئاراستەی مەتران بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی کلدانی و بنەماڵەی قەشە (دنحا تۆما یوسف) قەشەی کۆیە و هەرمۆتە کرد، کە ئەمڕۆ بە رووداوێکی دڵتەزێنی ئۆتۆمبێل لە نێوان هەولێر و کۆیە، گیانی لە دەستدا.
ئەمەش دەقی پرسەنامەکەیە:
رێزدار مەتران مار بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی ئیبارشیەی ئەربیلی کلدانی
بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی قەشە دنحا تۆما یوسف، قەشەی (کۆیە و هەرمۆتە)ی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکیم بیست، کە بە رووداوێکی دڵتەزێن مالئاوایی کرد. بەو بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشیی لە بەڕێزتان و بنەماڵەی کۆچکردوو و کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. خوای گەورە كۆچكردوو بە بەهەشت شاد بكات و ئارامی و دڵنەواییش بە کەسوکاری ببەخشێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/1/11
H.B
